رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەژار سابیر، سەرپەرشتیاری یانەی ئاکرێ، لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن یانەکانی سەید سادق و چوارقوڕنەوە داوای لە ئەستۆگرتنی مەشقدانی ئەو یانانەی لێکراوە، بەڵام ئەو راهێنەرە ئەرکەکەی رەتکردووەتەوە.
هەژار سابیر، کە وەرزی رابردوو، راهێنەری یانەی ئاکرێ بوو، پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، هەروەها جامی سوپەری کوردستانیشی بەدەستهێنا، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە لەبری راهێنەری یانەکە، بووە سەرپەرشتیاری یانەی ئاکرێ.
سەرچاوەیەکی نزیک لە هەژار سابیر، بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی نزیکی رابردوودا، هەریەک لە یانەکانی سەیدسادق و چوارقوڕنەی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان، داوایانکردووە هەژار مەشقدانی تیپەکانیان وەربگرێت، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هەژار سابیر بەهۆی پابەندیی و دۆخی تایبەتییەوە مەشقدانی هەردوو یانەکەی رەتکردووەتەوە و بڕیاریداوە وەک سەرپەرشتیار لە یانەی ئاکرێ بمێنێتەوە.
یانەی سەیدسادقیش ئەحمەد سەبری دەستنیشانکرد وەک راهێنەری نوێی یانەکە بەڵام دوای یەک یاریی، ئەو راهێنەرە دەستیلەمەشقدانی یانەکە کێشایەوە.
هەرچی یانەی چوارقوڕنەیە، دوای ئەنجامدانی حەوت یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان، پلەی 13ی ریزبەندییەکەی گرتووە و هیچ بردنەوەیەکی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ