ڤیدیۆ؛ ئەمشەو ئانفێڵد گڕ دەگرێت

17-12-2023
ئیحسان تاهیر
لیڤەرپوول - مانچێستەر یونایتد 19:30
لیڤەرپوول - مانچێستەر یونایتد 19:30
نیشانەکردن لیڤەرپوول مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یارییەکەی ئەمشەوی نێو ئانفێڵد کە لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد کۆدەکاتەوە، لەلایەن رۆژنامەکانەوە بە دێوەزمە بۆ تیپەکەی ئێریک تێن هاگ ناونراوە، هەندێک لەوە زیاتر دەڕۆن و دەڵێن ئەگەر ئەو راهێنەرە بەشکستەوە بگەڕێتەوە، یەکەم هەواڵ کە دەیبیستێت، بڕیاری دوورخستنەوەیەتی لە مەشقدانی یانەکە.
 
لە نێو ئەو دۆخە پڕ لە دڕدۆنگی و دەورەدراوە بە ئەنجامی خراپدا، مانچێستەر یونایتد ناچارە بەدوای باشترین ئەنجامدا بگەڕێت لە یارییەکدا کە دوایین وێنەکانی ئەنجامدانی لە وەرزی رابردوودا، بیری هەمووانی دەخاتەوە کە مانچێستەر یونایتد بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر تێیدا دۆڕاوە.
 
لیڤەرپوول بەورەیەکی بەرز و بەئامانجی گەورەوە روو لە یارییەکە دەکات، چاوی لەمانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، چاویشی لە هەشتەم سەرکەوتنە لە نێو یاریگەی خۆی لە وەرزی ئەمساڵ، لەکاتێکدا هیچ تیپێک نەبووە لەسەر ئەو یاریگەیە لەم وەرزەی پرێمەرلیگ، تەنانەت خاڵێکیش لە لیڤەرپوول لەسەر ئانفێڵد وەربگرێت.
 
لیڤەرپوول کە دوا یاریی خۆی لە یۆرۆپالیگ بەپێکهاتەیەکی نیمچە یەدەگەوە ئەنجامداوە، بەباشی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مان یونایتد ئامادەکردووە و هەموو کاتیش بەریەککەوتن لەگەڵ ئەو یانەیەدا، یادەوەرییە مێژووییەکانی رق و تووڕەیی نێوان هاندەرانی هەردوو یانە زیندوو دەکاتەوە.
 
یۆرگن کلۆپ، پاش وەرزێک کە دەکرێ بەوەرزی لەبیرچوونەوە ناوببرێت، نایەوێ واز لە ویستە گەورەکەی رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە بهێنێت و فۆرمە وەرگرتنەوەی تیپەکە، لە وەرزی ئەمساڵدا و دروستکردنەوەی پێکهاتەیەکی هێرشبەریی کاریگەر، کە تاوەکو ئێستا لەپاش مانچێستەر سیتییەوە خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرییە، چاوەڕوانیی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد خێرا و یەکلاکەرەوە دەربکەوێت و بەرگرییە شێواوەکەی یونایتد، دووچاری شپرزەیی زیاتر بکات.
 
هەلەکە بۆ لیڤەر بەردەستە تاوەکو ئەو ویستە بەدەست بهێنێت کە هەموو کات بەرامبەر یونایتد بیری لێدەکاتەوە، چونکە یانەی میوان بەقۆناخێکی پڕ لە دابەزینی ئاست و نادڵنیاییدا گوزەر دەکات و ئەوەندەی شکست و کێشەکانی یونایتد و ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی لە میدیاکاندا باسدەکرێن، هیچ شتێکی دیکە ئەوەندە باسناکرێت.
 
ئەگەر یونایتد لە رووی کەشی گشتیی و پەیوەندی نێوان راهێنەر و یاریزانانیشەوە کێشەی نەبێت بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، ناچارە مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەی پێکانی یاریزانان و دابڕانی بەشێکی زۆری یاریزانانیدا بکات، کە ناتوانن بەشداریی یارییەکە بکەن، کاسیمیرۆ، شاو، ئێریکسن، ماگوایەر و مالاسیا بەهۆی پێکانەوە دادەبڕێن و برۆنۆ فێرناندێزیش کەڵەکەبوونی کارتە زەدەکان لە یارییەکە بێبەشی دەکات و هەموو سەرنجەکان لەسەر مامەڵەی ئێریکی تێن هاگی راهێنەر دەبن کە بەڵێنیداوە، ئاستی ئاڵنگارییەکە قبووڵ بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە