هانزی فلیک: تەماشای ریزبەندی لالیگا ناکەم

17-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا باسی لەبایەخی یاریی ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە گەڕی 24ی خولی لالیگا کردووە، دەڵێ هێشتا کاروانێکی درێژمان لە پێشە.
 
بارسێلۆنا لە یاریگەی مۆتوجویک ئەمشەو کاژیر 23:00بەکاتی باشووری کوردستان، میوانداریی رایۆ ڤاییکانۆ دەکات، ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پێشەنگی لالیگا لە ریال مەدرید وەردەگرێتەوە.
 
ریال مەدرید لەم گەڕەدا لەگەڵ ئۆسەسۆنا بەگۆڵێک یەکسانبوو، بەهەمان شێوە ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لەگەڵ سێلتاڤیگۆ یەکسانبوو و ئەوە هەلی داوەتە دەست بارسێلۆنا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشەنگی لالیگا وەربگرێتەوە.
 
هانزی فلیک لەبارەی دۆخی رکابەریی لە خولەکە دووپاتیدەکاتەوە ئەو تەماشای ریزبەندییەکە ناکات، دەڵێ "ئێمە تەماشای ریزبەندی خولەکە ناکەین. لە کۆتاییدا سەیری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی روویدا. کاروانێکی درێژمان لەبەردەمدایە، دەمانەوێت بزانین رادەی باشبوونی ئاستمان لەسەرەتای ساڵەوە چەندە".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە یاریزانەکانی بۆ ئاڵنگارییەکە ئامادەن، لەوەش گرنگتر، چێژوەرگرتنیانە لەو دۆخەی تیپەکە تێیدایە. فلیک دەڵێ، "لە مەشقەکاندا هەستمکرد یاریزانەکانمان متمانەیەکی گەورەیان بەخۆیان هەیە و بڕوایان بەتواناکانی خۆیان هەیە و چێژ لە یارییکردن وەردەگرن. چێژ لە مەشقەکان و یارییکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان وەردەگرن و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی خاڵ لەدەستدانی هەردوو رکابەرە سەرەکییەکەی لەسەر نازناوی خولەکە، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا دەڵێ، "ئاگاداری ئەنجامی یارییەکانی هەردوو رکابەرەکەمانم، چونکە پێش یارییەکەی ئێمە ئەنجامدران و ئەنجامەکانیان پێڕاگەیاندم. بەڵام وەک گوتم، ئێمە تەنیا چاومان لەسەر خۆمانە و ئەمەش باشترین رێگەی مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆخەکە. دەزانم هەمووان بایەخ بەوە دەدەن کێ پێشەنگی خولەکەیە، بەڵام بۆ ئێمە ئەوە گرنگە لە کۆتایی وەرزدا پێشەنگ بین".
 
راهێنەری بارسێلۆنا کە لە یەکەم وەرزی کارکردنی لەگەڵ یانەکەدا تیپەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی باش و سەرنجڕاکێش، دووپاتیدەکاتەوە، "من هەمووکات ئەوەم بەلاوە پەسندە کە بگەینە پێشەنگی خولەکە و لەوێ بمێنینەوە، بەڵام ئەمە هەموو جارێک روونادات و روونە کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان تیپە گەورەکاندا هەیە لەم خولە و زۆر تیپیش هەن کە دەتوانن لە رکابەرەکانیان ببەنەوە، ئەمە بۆ هەمووان باشە و بۆ میدیاکانیش باشە، بێگومان خزمەتی تۆپی پێش دەکات".
 
بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی ئەمشەو 48 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگایە، لە کاتێکدا ریال مەدریدی پێشەنگ خاوەنی 51 خاڵ و ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم خاوەنی 50 خاڵە. بردنەوەی بارسا، ئەو یانەیە جیاوازیی گۆڵ دەباتە پێشەنگی لالیگا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە