رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەستپێدەکات، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و فولهام شریتی دەستپێکردنی وەرزەکە دەبڕن.
کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئۆڵدترافۆرد لە یەکەم یاریی وەرزی 2024-2025 یانەی مانچێستەر یونایتد دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و لە دەستپێکی ئەم وەرزەشدا یاریی قەڵخانی ئینگلتەرای بە مانچێستەر سیتی دۆڕاند، بەرامبەر یانەی فولهام یاریی دەکات.
یانەی مانچێستەر یونایتد سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون، متمانەی دایەوە بە ئێریک تێن هاگ و بۆ ئەم وەرزەش گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە لینی یۆرۆ بەرامبەر 62 ملیۆن یۆرۆ، جۆشوا زیرکزی بەرامبەر 42 ملیۆن یۆرۆ، ماتیاس دیلێخت بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ و نوسەیر مزراوی بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ واژۆکردووە.
جگە لەوەش یانەکە بۆ ئەم وەرزە جادۆن سانچۆی گەڕاندووەتەوە یانەکە، دوای ئەو ئاستەبەرزەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموند پێشکێشیکرد.
لەبەرامبەردا هەر لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا 10 یاریزان ریزەکانی یانە سوور پۆشەکەی مانچێستەریان بەجێهێشتووە، دیارترینیان رافایێل ڤاران و ئارۆن وان بیساکان، کە ئەوەی یەکەمیان چووە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی و ئەوەی دیکەشیان پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی وێستهامەوە کرد.
یانەی فولهام گۆڕانکاری زۆری لە تیپەکەیدا کردووە، دە یاریزان یانەکەیان بەجێهێشتووە کە دیارترینیان جواو پالینیایە و بەرامبەر 51 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە کردووە.