جۆری سزا و ماوەی راگرتنی بێلینگهام ئاشکرا دەکرێت

16-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی ریال مەدرید جود بێلینگهام ناوبژیوان کارتی سوور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان، بەپشتبەستن بە راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی نێوان ئۆسەسۆنا و ریال مەدرید و بەگەڕانەوە بۆ یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سرووشتی ئەو سزایەیان ئاشکراکردووە کە ئەگەر هەیە جود بێلینگهامی ئەستێرەی ریال مەدرید، رووبەڕووی ببێتەوە.
 
ئۆسەسۆنا لە هەفتەی 24ی لالیگا، میوانداریی ریال مەدریدی کرد و یارییەکە بەیەکسانبوون بەگۆڵێک بۆ هەر یانەیەک کۆتایی هات، لە خولەکی 39ی یارییەکەدا، ناوبژیوان مۆنوێرا مۆنتێرۆ، بەکارتی سوور، جود بێلینگهامی یاریزانی ریال مەدریدی بەکارتی کردە دەرەوە.
 
ئەگەرچی کارتە سوورەکەی ناوبژیوان بەڕووی یاریزانەکەی ریال مەدرید، مشتومڕی زۆری دروستکردووە، بەڵام ناوبژیوان پێیوایە، ئەو یاریزانە قسەی نەشیاوی بەرامبەر کردووە، هەربۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی سرووشتی سزاکە، چاوەڕێی لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکات.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەپێی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە، بێلینگهام هەڕەشەی راگرتن لە بۆ دوو یاری و سزادان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێکی لەسەرە، چونکە ناوبژیوانی یارییەکە، ئەوی بە "سووکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ناوبژیوان" تۆمەتبارکردووە.
 
بەپێی بڕگەی 124 لە یاسای رێککاری فیدراسیۆنە ئیسپانییەکە، هەڵوێستەکانی وەک رێزنەگرتنی ناوبژیوان کە بریتییە لە "بۆ قسەکردن لەگەڵ ناوبژیوان، یان بەڕێوەبەرەکان و بەرپرسان بەبێڕێزی و سووکایەتی، یان کردەوەی لەوانە تووندتر، یاریزان لە نێوان دوو تاوەکو سێ یاریی رادەگیرێت، یان بۆ ماوەیەک کە دەگاتە مانگێک".
 
بەپێی ئەوەی کە رۆژنامەکە دەیڵێ، پێشبینیکراوە جود، بەلانیکەمەوە، بۆ دوو یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر یانەکانی جیرۆنا و ریال بێتیس رابگیرێت، ئەگەر لەوەش زیاتر بێت، ئەوا لە یاریی چوونی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیاش بەرامبەر ریال سۆسیێداد بێبەشدەکرێت و دەکرێ لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە مانگی داهاتوو بگەڕێتەوە.
 
بێلینگهام رەتیکردووەتەوە سووکایەتی بەناوبژیوانی یارییەکە کردبێت و لەدوای کارتە سوورەکە، کاتێک لۆکا مۆدریچی کاپتنی ریال مەدرید داوای روونکردنەوەی لە ناوبژیوانی یارییەکە کرد، ناوبژیوان پێیگوتووە، ئەو "قسەی نەشیاوی بەرامبەرم کردووە".
 
بێلینگهام سوورە لەسەرئەوەی کە بەخۆی گوتووە 'فەک ئۆف' لە کاتێکدا ناوبژیوان پێیوایە پێی گوتراوە 'فەک یو' و جود لە دوای یارییەکە بەرۆژنامەڤانانی گوت، ڤیدیۆکان دەیسەلمێنن کە من سووکایەتیم بەناوبژیوان نەکردووە.
 
یەکسانبوونەکەی ریال مەدرید، ئەو یانەیەی خستە بەردەم لەدەستدانی پێشەنگی ریزبەندی لالیگا و کۆی خاڵەکانی 51 و ئەگەر سبەی دووشەممە، بارسێلۆنا لە یارییەکەی خۆیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دەچێتەوە پێشەنگی لالیگا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە