پێش یارییەکەی ژاپۆن هەڵبژاردەی عێراق تەقەی تێکەوت

16-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکەی ئیندۆنیزیا کێشە دەخاتە نێو هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دوو یاریزانی هەڵبژاردەکە داوای بەجێهێشتنی تیپەکە دەکەن.

هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریدا لە جامی ئاسیا رووبەڕووی ئیندۆنیزیا بووەوە و بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەی بردەوە، هەریەکە لە یاریزانان دانیلۆ سەعید و مونتەزەر ماجد بەشدارییان پێنەکرا لە یارییەکە. 
 
لە یارییەکەدا بەبڕیاری خیسوس کاساس، دانیلۆ سەعید هاوشانی هەریەکە لە ئاکام هاشم و ئالان محیەدین، لەنێو پەیژەکانەوە سەیری یارییەکەیان دەکرد و ناویان لە لیستی هەڵبژاردەکەدا نەبوو، مونتەزر ماجدیش بەشداریی پێنەکرا و یەک خولەکیش یاریی نەکرد.
 
بەپێی سەرچاوەکان، هەریەکە لە دانیلۆ سەعید و مونتەزر ماجد، داوای وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان کردووە و دەیەوێت هەڵبژاردەکە بەجێبهێڵن، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا بەشدارییان پێنەکرا.
 
دانیلۆ سەعید، تەمەنی 24 ساڵە، ناوەڕاستکارە، لە سوێد لە دایکبووە و یاریزانی یانەی ساندێفۆردی نەرویجییە، دوای هەوڵێکی زۆری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، یاریزانەکە رازیبوو یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات و تەنیا یەک یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامداوە.
 
هەرچی مونتەزر ماجدە، لە باڵ یاریی دەکات و تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، ئەو یاریزانەش لە دایکبوویە سوێدە و لە یانەی هاماربی یارییدەکات، یاریزانەکە پێشتر لە تیپی خوار 17 و 19 ساڵانی سوێد یارییکردووە و ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە قەتەرە، بەڵام لە دۆخی خۆی لەنێو ئەو تیپەدا ناڕازییەوە و دەیەوێت لە هەڵبژاردەکە بڕوات.
 
یەکێتی تۆپی پێی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ و هەوڵدەدەن لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دوو یاریزانە بکەن و رازییان بکەن لەو بڕیارەیان پەشیمانببەنەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامبن.
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لەکاتێکدایە عێراق یارییەکی زۆر گرنگی لەپێشە و رۆژی هەینی لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا بەرامبەر ژاپۆن یاریی دەکات و دەکرێت ئەم هەواڵە کاریگەری لەسەر ژووری جلگۆڕینی تیپەکە دروستبکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئوسامە رەشید، یاریزانی کوردی هەڵبژارەکە دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئیندونیزیا گۆڵێکی تۆمارکرد، بەخێرایی دەوحەی بەرەو پۆرتوگال بەجێهێشت، چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، یاریزانەکە بۆیە گەڕاوەتە پۆرتوگال دەبێتە باوک و هاوژینەکەی منداڵی دەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە هەر سبەی یاریزانەکە بگەڕێتەوە نێو تیپەکە و ئامادەکارییەکانی دەستپێبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.