فەرمی.. بێلینگهام ناسێنرا و ژمارە 5ـی وەرگرت

15-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جود بێلینگهام ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ جود بێلینگهام یاریزانی ئینگلیزی واژۆکرد و یاریزانەکە درێسی ژمارە 5ـی وەرگرت.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جود بێلینگهام گەیشتە مەدرید چووە نەخۆشخانەی کۆمەڵگەی سانیتاس لا مۆرالیا و پشکنینە پزیشکییەکانی یانەی شاهانەی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند، دوای ئەوەش چووە بارەگای سەرەکی یانەی ریال مەدرید و لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی ریال مەدرید بۆ شەش وەرزی داهاتوو واژۆکرد.
 
دوای ئەوەش درێسی ژمارە 5ـی لە یانەی ریال مەدرید وەرگرت، کە بەدڵنیاییەوە بەهۆی زینەدین زیدانەوە ئەو ژمارەیەی وەرگرتووە کە پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە و پێشتر زیزۆ بەو درێسەوە یاریی بۆ ریال مەدرید دەکرد.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە رێوڕەسمەکەدا گوتی "رۆژێکی گەورەیە و بەپەرۆشین بۆ ئێمەی کە خولیای مەدریدمان هەیە، شانازی بەوەوە دەکەین کە ئەم یانەیە بۆ جیهان چ مانایەکی هەیە، هەمیشە باسی ئەوە دەکەین کە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتن ئەوەیە کە یاریزانەکان هەستبکەن مەدریدێستابوون مانای چییە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەمڕۆ دەبێت شانازی بەخۆمانەوە بکەین، یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان گەیشت، دەیتوانی بچێتە ئەو یانەیە دەیویست، بەڵام ئەو یارییکردنی بۆ ریال مەدرید هەڵبژارد."
 
پێرێز روویکردە بێلینگهام پێیگوت "هەوڵدەدەین لێرە زۆر دڵخۆشت بکەین و هەموو خەونەکانت بەدی بهێنین، دەبینیت بەم درێسەوە هیچ شتێک مەحاڵ نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە