ڤیدیۆ؛ بۆچی ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانەدا کەس ناهێنێت؟

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
گرێبەستە شکستخواردووەکانی ریال مەدرید
گرێبەستە شکستخواردووەکانی ریال مەدرید
نیشانەکردن گرێبەستە شکستخواردووەکانی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆچی ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانەدا کەس ناهێنێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەمووان بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن.
 
هەموو زستانێک ریال مەدرید هەرزوو ئاشکرایدەکات کە گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێک ناکات
 
ئەمساڵ ئەگەرچی ریال مەدرید کێشەی زۆری لە پێکانی یاریزانان هەیە، بەڵام پێناچێ یەکە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا هیچ گرێبەستێک بکات
 
ئەوە یەکەمجار نییە ریال مەدرید وێڕای پێویستیی زۆری بەهێنانی یاریزان لە گواستنەوەی زستانەدا، بەڵام هیچ یاریزانێک ناکڕێت
 
دۆخەکە بەجۆرێکە کە ئەوە بووەتە پرسیار لای زۆر کەس، بۆچی ریال مەدرید لە زستاندا هیچ یاریزانێک ناکڕێت؟
 
ئەگەر بەدوای وەڵامەکەدا بگەڕێین، مێژووی نزیکی ریال مەدرید لەگەڵ گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، مێژوویەکی ئومێدبڕ و ناخۆش و پڕ لە رووداوی سەرنەکەوتووە، هەربۆیە ریال مەدرید دەستی خۆی داخکردووە و ئەوەندەی پێی بکرێت، لە زستاندا یاریزانی نوێ ناکڕێت
 
وەرن با چیرۆکی ئەو یاریزانانەتان بۆ بگێڕینەوە کە ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا گرێبەستی لەگەڵ کردوون و لە کۆتاییدا جگە لە شکست، هیچی دیکەیان بۆ یانەکە نەهێناوە
 

ئانتۆنیۆ کاسانۆ
 
کاسانۆ لە زستانی 2006دا لە رۆمای ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد.
 
کاسانۆ خاوەنی بەهرەیەکی گەورە بوو، بەڵام لەگەڵ هاتنە ریال مەدرید کێشی هێندە زیادیکرد، بووە نوکتە. ئەو ماوەی وەرز و نیوێک بۆ ریال مەدرید یارییکرد، لە 29 یاریدا تەنیا چوار گۆڵی تۆمارکرد. هاوینی 2007 لە ریال مەدرید رۆیشت و پەیوەندی بە سامپدۆریاوە کرد،
 

تۆماس گراڤسن
 
ئەو یاریزانە دانیمارکییە لە ئیڤێرتنی ئینگلیزییەوە لە زستانی 2005 پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد بۆ شوێنگرتنەوەی کلۆد ماکالیلی، بەڵام ئەو هەرگیز نەیتوانی بۆشایی ئەو یاریزانە پڕبکاتەوە.
 
گراڤسن بەئاستێکی لەرزۆکەوە لەگەڵ یانەکە دەرکەوت. هەندێکجار بەهۆی یاریزانە بڕینە هەڵەکانییەوە دەبووە مایەی پێکەنینی هاندەران. ئەو تەنیا 18 مانگ لەگەڵ ریال مەدرید مایەوە، کە لە 49 یارییدا بەشدارییکرد و تەنیا یەک گۆڵی کرد و دواتریش روویکردە سێلتیکی سکۆتلەندی/
 

جولیان فوبێر
 
دەکرێ بەخراپترین گرێبەستی زستانە لە مێژووی ریال مەدرید دابنرێت. ئەو یاریزانە لە زستانی 2009 لە وێستهامەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد. تێچووی گواستنەوەکە تەنیا 1.5 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
فوبێر هەرزوو دەریخست توانای لەبەرکردنی درێسی ریال مەدریدی نییە. شەش مانگ لە یانەکە مایەوە و لە تەنیا دوو یارییدا بەشدارییکرد. کۆی ماوەی یارییکردنی تەنیا 54 خولەک بوو، دواتر روویکردەوە وێستهامی ئینگلیزی.
 

لوکاس سێلڤا
 
لە زستانی 2015 ریال مەدرید بڕی 15 ملیۆن یۆرۆی دا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە، بەڵام ئەو لە تەنیا 9 یاریی یانەکەدا بەشدارییکرد و نەیتوانی هیچ کاریگەرییەک دروست بکات.
 
وەرزی دواتر بەخواستن لە ریال مەدرید چووە دەرەوە و تاوەکو 2019 چەندین یانەی جیاوازی کرد بەشێوەی خواستن و ئیدی نەگەڕایەوە یانەی شاهانە.
 

سیسینیۆ
 
یەکێک بوو لەو یاریزانانەی بەئومێدی زۆرەوە هێنرایە ریال مەدرید لە زستانی 2006، بەڵام هەر زوو دەرکەوت لەئاستی پێشبینییەکاندا نییە، بەتایبەت کە نەیتوانی ببێتە مایەی دڵخۆشکردنی هاندەرانی ریال مەدرید.
 
سیسینیۆی بەرازیلی، لە یانەکەی پێشووی کە ساوپاولۆ بوو، وەک ئەستێرەیەکی مەزن دەردەکەوت، بەڵام لە ریال مەدرید هیچی نەکرد و لە 32 یارییدا لەگەڵ یانەکە تەنیا سێ گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئەوەی لە کۆی دیمەنە خراپەکەی سیسینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید باشبوو فرۆشتنەوەی بوو بەهەمان نرخی کڕینی بە یانەی رۆمای ئیتاڵی لە هاوینی 2007.
 

فێرناندۆ گاگۆ 
 
لە سەرجەم گرێبەستە شکستخواردووەکانی دیکەی ریال مەدرید لە زستاندا بەنێوبانگتر بوو. لە زستانی 2007دا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام لە بێئومێدی زیاتر هیچی بەرهەم نەهێنا.
 
گاگۆی ئەرجەنتینی لە سەرەتادا لەگەڵ ریال مەدرید باش دەرکەوت، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ کاریگەریی و توانای لەدەستدەدا. ئەو 121 یاریی بەدرێسی ریالەوە ئەنجامدا و پێنج وەرز لە یانەکە بەردەوام بوو، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد و دواتر روویکردە رۆمای ئیتاڵی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە