ئەرجەنتین بەدوای گەیشتن بەمۆندیال و بەرازیل بەدوای ئاستی باشدا دەگەڕێ

14-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕێکی دیکەی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، ئەرجەنتین و بەرازیل لە دەرەوەی خاکی خۆیان یارییدەکەن و هەردوو هەڵبژاردەش مەترسیی سوپرایزی رکابەرەکانیان لەسەرە.
 
بەرازیل بەرەبەیانی سبەی هەینی، لە کاژێر 00:00 بەکاتی باشووری کوردستان، دەبێتە میوانی ڤێنزوێلا، لە کاتێکدا ئەرجەنتین لە کاژێر 2:30 دەبێتە میوانی پاراگوای.
 
ئەرجەنتین، پێشەنگی ریزبەندی پاڵاوتنەکان، دوایین پاڵەوانی جیهان، هەوڵی هێشتنەوەی جیاوازیی سێ خاڵ لە نزیکترین رکابەرانی لە ریزبەندییەکەدا دەدات کەهەڵبژاردە کۆڵۆمبیایە، لە کاتێکدا بەرازیل دەیەوێت درێژە بە هەڵسانەوەی خۆی لە کاروانی پاڵاوتنەکان بدات.
 
ئەرکی ئەرجەنتین ئاسان نییە، بەتایبەت کە ئەو هەڵبژاردەیە وێڕای بەدەستهێنانی نازناوە جیاوازەکان و سەرکەوتن بەسەر ئۆرۆگوای لە کۆپا ئەمێریکا، بەڵام لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، لە دە ساڵی رابردوودا دووچاری سەرئێشە بووەتەوە لەسەر خاکی پاراگوای.
 
هەواڵی خۆش و پاڵنەری گەورە بۆ ئەرجەنتینییەکان، گەڕانەوەی لیۆنێل مێسییە بۆ ریزەکانی تانگۆ، پاش دابڕانی درێژی ماوەی رابردوو.
 
مێسی کە وەرزەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بەشێوەیەکی خەمۆکانە کۆتاییهات، دەیەوێت بەسەرکەوتنی ئەرجەنتین لە دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەکان، کەمێک قەرەبووی دۆخە خراپەکەی لەگەڵ یانەکەی بکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لای خۆیەوە کە تاوەکو دوایین دوو یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکان لە دۆخێکی خراپدابوو، دەیەوێت درێژە بەهەڵسانەوەی خۆی بدات، کاتێک لە نێو ڤێنزوێلا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
 
بەرازیل لە دوایین دوو یاریی پاڵاوتنەکان، بەئاست و ئەنجام بەسەر هەریەکە لە چیلی و پیرۆدا سەرکەوت و ئەوەش کەمێک گەشبینی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە و هاندەرەکانی گەڕاندووەتەوە.
 
ڤێنزوێلا دۆخی باش نییە، لە کۆی دە یاریی پاڵاوتنەکان تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لە نێو بەرازیلدا خاڵێکی لە سامبا وەرگرتووە.
 
جۆنیۆر دۆریڤالی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەگەرچی گەشبینە بەئاستی پێکهاتەکەی، بەڵام لە ژێر قورساییەکی زۆری گوشارەکاندا دەژی، بەهۆی نادڵنیایی لە شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەکە و ئەو ئەنجامانەی لە پاڵاوتنەکاندا بەدەستیهێناوە.
 
دۆریڤال کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیشی لەبارەی کارەکەیەوە لەگەڵ بەرازیل ناڕوونە، پێویستی بەدڵنیاییدان و سەرکەوتنە بۆ مۆندیال بەئاستێکی باشەوە، تاوەکو ئومێدی مانەوە بۆخۆی وەک راهێنەری بەرازیل لە ماوەی داهاتوودا، مسۆگەر بکات.
 
خشتەی یارییەکانی رۆژی هەینی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026
 
ڤێنزوێلا - بەرازیل  00:00
 
پاراگوای - ئەرجەنتین 2:30
 
ئیکوادۆر - بۆلیڤیا 3:00
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە