رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی ماڵئاوایی پێشوو و بەدەستهێنانی پێنجەمین نازناوی مێژووی خۆی، بە سەرکردایەتی گراهام ئارنۆڵدی راهێنەر بەشداری لە پاڵەوانێتیی جامی کەنداوی 27 لە شاری جەدەی وڵاتی سعودیە دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم لە لەگەڵ سعودیە، کوێت و عومان کێبڕکێ دەکات، رۆژی چوارشەممە لە یەکەم یارییدا رووبەڕووی عومان دەبێتەوە، دواتریش بەرامبەر کوێت و سعودیە یاری دەکات. گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری عێراق پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە پەیامێکی روونی نارد و گوتی "من ناچمە هیچ پاڵەوانێتییەک تەنیا بۆ بەشداریکردن و چێژوەرگرتن لێی".
ئارنۆڵد کە پێشتر سەرکردایەتی عێراقی کرد بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، نزیکەی نیوەی پێکهاتەی مۆندیالی لەم پاڵەوانێتییەدا پشوو پێداوە و هەلی بە چەندین یاریزانی نوێ و گەنجی وەک حەیدەر عەبدولکەریم، یوسف نەسڕاوی و سەیف رەشید داوە تاوەکو تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. هاوکات هەڵبژاردەکە بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی چەند ئەستێرەیەکی دیاری وەک موهەنەد عەلی، حوسێن عەلی، یوسف ئەمین، کیڤن یەعقوب و کومێل سەعدی بێبەش دەبن.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا چوار جار لە ساڵانی 1979، 1984، 1988 و 2023 نازناوی جامی کەنداوی بەدەستهێناوە، هەروەها دوو جاریش لە ساڵانی 1976 و 2013 پلەی دووەمی بەدەستهێناوە. عەمۆ بابای راهێنەری کۆچکردووش تاوەکو ئێستا سەرکەوتووترین راهێنەری مێژووی عێراقە لەم پاڵەوانێتییەدا بە بردنەوەی سێ نازناو لەو چوار نازناوە.




