گواردیۆلا مەرجی خۆی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئاشکرا دەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا یانەی مانچێستەر سیتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، بێنەوبەرەی خۆی لەبارەی ئەگەری مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئیتاڵیاوە درێژەپێدا.
 
پێپ بەپێی گرێبەستەکەی، ئەمساڵ دوایین وەرزیەتی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی، مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
 
پێشتر گواردیۆلا قسەکردنی لەبارەی چارەنووسی خۆی، رۆیشتن لە سیتی یان مانەوە لە یانەکە رەتکردبووەوە. دەرگای بەڕووی هەموو ئەگەرێکدا بەکراوەیی بەجێهێشتبوو، بەبێئەوەی بەڕوونی باسی داهاتووی خۆی بکات.
 
پێپ جارێکی دیکە درێژەی بەهەمان سیاسەتی تەمومژاویدا لەبارەی چارەنووسیەوە، پاشئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا پرسیاری لەبارەی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و چارەنووسی خۆیەوە لێکرا.
 
پێپ سەرەتا گوتی "بابزانین چی روودەدات". پاشان دەڵێ، "هێشتا پێویستم بەکات و بڕیاردانە لەوەی کە دەمەوێت چی بکەم".
 
لەبارەی هەڵبژاردەی ئینگلتەراوە، کە دەگوترێ هەنگاوی داهاتووی ئەو راهێنەرەیە پاش مانچێستەر سیتی، گواردیۆلا گوتی، "من هێشتا راهێنەری مانچێستەر سیتیم".
 
هەروەها دووپاتیکردەوە، "بڕیاری هیچ شتێکم نەداوە، دەشکرێ هەموو شت رووبدات، بەڵام من جارێ هیچ نازانم".
 
لە پرسیارێکی دیکەدا، پێپ وەڵامی ئەگەری مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای دایەوە، ئەو بەپێکەنینەوە دەڵێ، "بەکارەکە رازی دەبم، ئەگەر رۆبێرتۆ باجیۆ، یاریدەدەرم بێت".
 
پرسیار لە پێپ کراوە لەبارەی هەستییەوە کاتێک دەبینێت تاکە راهێنەرە دووجار هەرسێ نازناوی 'خول، جام و چامپیۆنزلیگ'ی لە یەک وەرزدا بردووەتەوە، ئەو دەڵێ، "دیارە من راهێنەرێکی زۆر باشم".
 
پێپ هەروەها لەبارەی دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانەوە، پەسنی تواناکانی لیۆنێل مێسی کرد و گوتی، "لیۆ بەڕەهایی باشترین یاریزانی تۆپی پێیە". پاشان دەڵێ، "لەوانەیە ئەم قسەیەم رێزلێنانی تەواوی بۆ پێلێ و مارادۆنا تێدا نەبێت، بەڵام ناتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم کەسێک لە مێسی باشتر بێت، ئەو ناوازەیە بەهۆی ئاستە جێگیرەکەیەوە".
 
گواردیۆلا لە 2008 تاوەکو 2012 راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بووە. لە ساڵی 2016ەشەوە راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە