رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دڵخۆشیی خۆی بە هاوکاریکردنی هەڵبژاردەکەی بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024 پێشاندا و باس لە داهاتووی خۆیشی دەکات.
رۆناڵدۆ دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر سلۆڤاکیا سەرکردایەتیی پۆرتوگالی کرد بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024، دوای ئەوە لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی " ئێمە لە یۆرۆی 2024ـین"
دۆن دەڵێت "زۆر خۆشحاڵم بە یارمەتیدانی پۆرتوگال بۆ گەیشتن بە قۆناخێکی دیکەی کۆتایی پێشبڕکێیەکی گەورە، سوپاسێکی تایبەت بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال و هاندەرانی ئامادەبوو لە یاریگە بۆ ئەو رێزلێنانە جوانەی بۆ منیان کرد."
رۆناڵدۆ دوای ئەو سەرکەوتنە لێدوانی دا و گوتی " زۆر دڵخۆشم و یارییکردنم لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال خۆشدەوێت، ئێمە گەیشتینە یۆرۆی 2024، چونکە تیپێکی نایاب و راهێنەریکی نایابمان هەیە، دەمەوێت ئاڵنگاریی پینتۆ دا کۆستا قبوڵبکەم بۆ گەیشتن بە 1000 گۆڵ، بەڵام دەمەوێت سەرەتا بگەمە 900 گۆڵ."
کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "یارییکردنم لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال خۆشدەوێت، بەڕاستی بەباشی یارییدەکەین، دڵخۆشم لەگەڵ هەڵبژاردەکە و یانەی نەسڕ، هەست بە باشی دەکەم و جەستەم زۆرباشە."
پرسیارێک لەبارەی وازهێنانی لە یارییکردن لە رۆناڵدۆ کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "من بیر لە داهاتوو ناکەمەوە، بیر لە مەودای کورت دەکەمەوە و دەمەوێت چێژ لەو کاتانە وەربگرم کە تێیدا دەژیم."
لەبارەی ئەوەی کوڕەکەی دەبێتەوە جێگرەوەی ؟ کریستیانۆ لە وەڵامدا دەڵێت "با چێژ لە ژیان وەربگرێت، ئەو دەبێتە ئەو کەسەی دەیەوێت ببێت."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە 73 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال تۆمارکردووە، ئێستا خاوەنی 125 گۆڵە لەگەڵ هەڵبژاردەکە.




