هەواڵێکی خۆش گەیشتە هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک پێدری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، هەواڵێکی ئەرێنی لەسەر پێدریی یاریزانەکەی پێگەیشتووە، کە ماوەی رابردوو بەهۆی پێکانەوە لە تیپەکەی دابڕاوە.
 
ئەنجامی یارییەکانی بلاوگرانا لە ماوەی ئامادەکارییەکاندا باش نەبوو، سەرەڕای بردنەوەی لە ریال مەدرید لە یاریی دۆستانەی ئیلکلاسیکۆ، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
دوایین یاریی کە بارسا ئەنجامیدا لە جامی خوان گامپەر بوو بەرامبەر مۆناکۆی فەرەنسی، کە تیپەکە لەسەر یاریگای مۆنتجیک و لەبەردەم هاندەرانیدا تووشی دۆڕانێکی سەخت بوو، و بەئەنجامی 3-0 دۆڕا.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "پێدری بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، و لە گەڕانەوە  بۆ نێو یاریگەکان نزیکتر و نزیکتر دەبێتەوە".
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت "پێدری ئەمڕۆ لەمیانی راهێنانەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەدا بەشداری لە بەشێک لە مەشقەکان کردووە و دواتر یاریزانەکە لە هۆڵی وەرزشی بەردەوامی بە راهێنانەکانی داوە".
 
سپۆرت زیاتر دەڵێت "پێدری نایەوێت پەلە بکات، بەڵام هانزی فلیکی راهێنەر پێیباشبوو هەندێک خولەک بگەڕێتەوە سەر چیمەنی یاریگە بۆ ئەوەی هێواش هێواش بگەڕێتەوە نێو کەشی یاریکردن".
 
ئەو یاریزانە پێش یارییەکەی جامی خوان گامپەر بەرامبەر مۆناکۆ رایگەیاند، کار لەسەر ئەوە دەکات بە زووترین کات بگەڕێتەوە دوای ئەوەی لە کاتی یارییەکانی یۆرۆی 2024 تووشی پێکان بوو.
 
لە مانگی تەمموزدا، پێدری کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بەجێهێشت، دوای ئەوەی تووشی "پێکانێکی پلە دووی ناوەوەی لایەنی ئەژنۆی چەپی بوو".
 
پێدری ئەمڕۆ بەشداری بەشێک لە مەشقەکانی بەیانیان کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکەم یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا لە خولی ئیسپانیا، کە رۆژی شەممە 17ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەگەری هەیە پێدری ئامادەبێت بۆ ئەو یارییە بەپێی ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا لە راهێنانەکاندا چی روودەدات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی هانزی فلیکی راهێنەر دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە