ڤیدیۆ؛ جامی سوپەری ئەورووپایە و ئێمباپێ دەیەوێت مێژوو تۆماربکات

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ جامی سوپەری ئەوروپا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین ئامادەکارییە، بۆ ئەوەی یەکەم یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامبدات و چاوی لە بردنەوەی یەکەم نازناوە، بەدرێسی یانەی شاهانەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە کاروانی یارییکردنیدا خۆیدا و دەرکەوتنی بەدرێسی ریال مەدریدەوە.
 
بە رووخسارێک پڕ زەردەخەنە و بیرکردنەوەیەکی تیژ خۆیان بۆ دەستپێکردنی وەرزێکی دوور و درێژ ئامادەدەکەن.
 
پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو چاوی لە بردنەوەی شەشەم نازناوی جامی سوپەری ئەوروپایە، کاتێک ئەمشەو لە پۆڵەندا بەرامبەر یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی یاری دەکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، پێکهاتەیەکی پڕ ئەستێرەی لەبەردەستە و دەیەوێت ببێتە یەکەم راهێنەر زۆرترین نازناوی سوپەری ئەوروپای هەبێت و چاوی لە تێپەڕاندنی گواردیۆلایە.
 
ئەوەی بۆ مەدریدییەکان جێگەی نیگەرانییە، پێکانی ئیدوارد کاماڤینگایە، کە لە دوایین راهێنانەکاندا تووشی بوو و بەئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، تەنانەت ئەگەر پێکانەکەشی قورس نەبێت.
 
جیانپێرۆ گاسپەرینی، دوای 8 ساڵ لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی ئاتالانتا وەرزی رابردوو، یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، بەوەش خۆی گەیاندە ئەم یارییە گرنگ و بەهێزەی ئاستی تۆپی پێی ئەورووپا.
 
ئادێمۆلا لۆکمان، ئەو یاریزانە بوو کە وەرزی رابردوو بەدرێسی یانە ئیتاڵییەکەوە بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و رۆڵێکی سەرەکیی بینی لە بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە.
 
ئاتالانتا زۆرباش لەوە تێدەگات، ریال مەدرید لە هەموو رووییەکەوە لەوان باشترە، لەوان ئامادەترە، لەوان یاریزانی باشتری لەبەردەستە، بەڵام گاسپەرینی بە عەقڵیەتە بەرزە ئیتاڵییەکەی دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت کە ئەمە یەکەم یاریی دەستپێکی وەرزە و چاوی لەوەیە لە هەر بۆشایەکدا خۆی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەلی بردنەوەی نازناوێکی دیکەی هەبێت.
 
ریال مەدرید خاوەنی پێنج نازناوی جامی سوپەری ئەوروپایە، ئاتالانتا ئەمە یەکەمجارە دەگاتە یارییەکە، لۆس بلانکۆس بەبردنەوەی نازناوەکە دەبێتە خاوەنی زۆرترین نازناو و تیپەکەی هەرێمی بێرگامۆش چاوی لەوەیە ناوی خۆی لەنێو مێژووی جامە سەرنجڕاکێشەکەی ئەوروپادا بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە