مانچێستەر یونایتد رۆیشتنی ڤارانی راگەیاند و خولی رۆشن چاوەڕوانیەتی

14-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رافایێل ڤاران مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەفەرمی رۆیشتنی بەرگریکارە فەرەنسییەکەی، رافایێل ڤارانی لە ریزەکانی راگەیاند. خودی یاریزانەکەش ئەو هەواڵەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پشتڕاستکردەوە.
 
مانچێستەر یونایتد دوابڕیاری خۆی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی رافایێل ڤاران دا و رایگەیاند کە گرێبەستی بەرگریکاری فەرەنسی، کە لە کۆتایی ئەم وەرەزەدا کۆتایی دێت. نوێناکرێتەوە، واتا یاریزانەکە ئازاد دەبێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە.
 
خودی یاریزانەکەش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رۆیشتنی خۆی لە یانە ئینگلیزییەکە راگەیاند، دوای ئەوەی 3 ساڵ یاری بۆ کرد، کە لە مانگی هەشتی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ریال مەدریدەوە گەیشتە ئۆڵترافۆرد.
 
ڤاران لە گرتە ڤیدیۆیەکەیدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە کاتێکی جوانی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد بەسەربردووە، گوتیشی لە دوایین یاریی خۆیدا بەرامبەر برایتن دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت ماڵئاوایی لە هاندەرانی مان یونایتد بکات.
 
ڤاران لەو گرتە ڤیدیۆیەدا رووگەی خۆی دیاری نەکرد، ئەگەرچی زۆر لە سەرچاوەی هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دەستەوارەیەکی لە خولی رۆشنی سعودییەوە بۆ هاتووە و خۆیشی ئامادەیە بچێتە ئەو خولە.
 
بەگوێرەی سەرجەم سەرچاوەکانی هەواڵ، خولی سعودی هاوینی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە راکێشانی ئەستێرەکانی خولەکانی ئەوروپا، سەرەڕای ئەو ئارامییەی کە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا زاڵ بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە