رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، ستانداردی بەرزی بۆ هەڵبژاردنی ئەو یاریزانانە داناوە کە شایەنی ئەوەن لە داهاتوودا درێسی یانەکە لەبەربکەن، کە بەقسەی خۆی ئیدی هەموو یاریزانێک ناتوانێت درێسی مانچێستەر سیتی لەبەربکات.
بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، پێپ گواردیۆلا ئاماژەی بەئەگەری جێهێشتنی دوو یاریزانی سەرەکی مانچێستەر سیتی کردووە.
راهێنەرە ئیسپانییەکە بەتایبەتی باسی لە هەردوو یاریزان، ناتان ئاکێ و جۆن ستۆنز کردووە و لە لێدوانەکانیدا دەڵێت "ناتان وەک جۆن ستۆنز بەدرێژایی وەرزەکە بەدەست پێکانەوە ناڵاندوویەتی".
ئەو دوو بەرگریکارە لەم وەرزەدا تەنیا 14 یارییان لە پرێمەرلیگدا ئەنجامداوە.
گواردیۆلا جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ یانەکەدا قسەی کردووە سەبارەت بەو پێوەرانەی کە پێویستە بۆ ئەو یاریزانانەی کە بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵیدا دەمێننەوە و دەڵێت "بە دەستەی کارگێڕیم گوتووە کە دەبێت بزانین کام یاریزان متمانەیان پێدەکرێت بۆ داهاتوو، ئەوانەی دەتوانن سێ رۆژ جارێک یاری بکەن، یان ئەوانەی کە ناتوانن سێ رۆژ جارێک یاری بکەن، دواتر دەتوانین تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو دروست بکەین".
هەرچەندە گواردیۆلا بەڕوونی راینەگەیاندووە کە ئاکی و ستۆنز لەگەڵ یانەکەدا بەردەوام نابن، بەڵام واتای لێدوانەکانی روون بوو، راهێنەرەکە پێویستی بە یاریزانی متمانەپێکراو هەیە، ئەمەش دەبێتە جێی سەرنجی بیرکردنەوەی یانەکە لەم هاوینەدا.
سەبارەت بە گواستنەوەکانی داهاتووش، راهێنەرەکە دووپاتیکردەوە کە نازانێت سیتی چەند گرێبەست دەکات و روونیشیکردەوە "هیچ بیرۆکەیەکم نییە، هەموو یاریزانەکان گرێبەستیان هەیە، دەبینین چی روودەدات، ئێستا هیچ بیرۆکەیەکم نییە".
هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە پاڵەوانی ساڵی رابردووی پرێمەرلیگ، دەڵێن "گواردیۆلا بڕوای بەبەرپرسانی مانچێستەر سیتی هێناوە کە بۆ وەرزی داهاتوو تیپێکی بەهێز و تۆقێنەر دروست دەکات، بەڵام دەبێت یارمەتی بدەن لە هێنانی ئەو یاریزانانەی کە خۆی دیارییان دەکات، خۆیشی ئەو یاریزانانە بەپێی کۆمەڵێک پێوەری قورس دیاری دەکات، کە پێیوایە بەبێ بوونی ئەو پێوەرانە یاریزانەکە گونجاو نابێت بۆ لەبەرکردنی درێسی یانەکە".
هەروەها پێپ ئەو یاریزانانەش بەڕێدەکات کە بەدڵی نین و پێیوایە چیدی بە کەڵکی پلانەکانی ناهێن، تەنانەت ناویان هەرچییەک بێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "پێپ دەیەوێت بەهێزترین و تۆقێنەرترین تیپی ئەورووپا دروست بکاتەوە".
گواردیۆلا رایگەیاند کە ئیلکای گوندۆگان یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە وەرزی داهاتوو لەگەڵ تیپەکەی دەمێنێتەوە.
گرێبەستەکەی گوندۆگان لە کۆتایی ئەم وەرزە کۆتایی دێت، بەڵام بڕگەیەک هەیە کە رێگەی پێدەدات بۆ وەرزێکی دیکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بمێنێتەوە، کە مانچێستەر سیتی کردوویەتی.
گواردیۆلا لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانیدا دەڵێت "بێگومان گوندۆگان ساڵێکی زیادەی بۆ گرێبەستەکەی ماوە، نازانم لە هاویندا چی روودەدات، بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێمە درێژدەکرێتەوە".
ئەستێرە ئەڵمانییەکە لەسەرەتای ئەم وەرزەدا گەڕایەوە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 وەرزێک لەگەڵ یانەی بارسیلۆنای بەسەربرد.
گۆندۆگان لەم وەرزەدا 42 یاری لەگەڵ مان سیتی ئەنجامداوە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە و سێ ئەسیستیشی کردووە.
مان سیتی بە کۆکردنەوەی 55 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی ئینگلیزیدایە، لە چامپیۆنزلیگیش دەرکراوە لەسەر دەستی ریال مەدرید لە قۆناخی شانزدەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ