رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، داوای لێبوردنی کرد، پاشئەوەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
ریال مەدرید بووە میوانی ئالاڤێس لە گەڕی 31ی لالیگا و بەگۆڵێکی ئێدواردۆ کاماڤینگا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەجیاوازیی چوار خاڵ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە مایەوە، لەپاش بارسێلۆنای پێشەنگ.
لە خولەکی 38ـی یارییەکەدا، کیلیان ئێمباپێ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە بەهۆی لێدانێکی مەترسیدار لە ئەنتۆنیۆ بلانکۆی یاریزانی ئالاڤێس.
دوای یارییەکە، ئێمباپێ داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی و بلانکۆ کرد و دانی بە هەڵەکەیدا نا.
وێڕای ئەوەی ریال مەدرید بە 10 یاریزانەوە یارییەکەی تەواوکرد، بەڵام پارێزگاریی لە پێشکەوتنی خۆی کرد و دوای یارییەکە، ئێمباپێ داوای لێبوردنی لە بلانکۆ کرد. ئەو یاریزانە رایگەیاند دوای یارییەکە ئێمباپێ هاتووەتە لای و پێکەوە قسەیانکردووە و داوای لێبوردنی لێکردووە.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا دیار نییە سزای ئێمباپێ بەهۆی کارتە سوورەکەوە چی دەبێت، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەئەگەری راگرتنی ئەو یاریزانە بۆ زیاتر لە سێ یاریی دەکەن، کە بەهۆیەوە کیلیان لە بەشداریکردن لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بێبەش دەبێت.
یانەی یال مەدرید، تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە نەداوە.
ئێمباپێ گۆڵکەری یەکەمی ریال مەدریدە لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ و دووەم گۆڵکەری لالیگاشە لەپاش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسێلۆنا کە 25 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ