"کاسێمیرۆ دەڵێی لە یاریی خێرخوازیدا یاری دەکات"

14-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی پێشووی یانەکانی لیڤەرپوول و تۆتێنهام رەخنەی تووند لە کاسێمیرۆ، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد دەگرێت و دەڵێت "کاسێمیرۆ دەڵێی لە یاریی خێرخوازیدا یاری دەکات."
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 33ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر یونایتد بووە میوانی بۆرنمۆس و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتایی هات، بەمشێوەیەش یانەکەی شاری مانچێستەر بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دابەزی. 
 
ئەنجامی یارییەکە مشتومڕی زۆری نایەوە و ئاستی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد بەگشتی و کاسێمیرۆ بەتایبەتی جارێکی دیکە ناڕەزایەتی هاندەرانی یانەکەی لێکەوتەوە. لای خۆیەوە جەیمی رێدناپ، یاریزانی پێشووی یانەکانی لیڤەرپوول و تۆتێنهام لەبارەی ئاستی کاسێمیرۆوە دەڵێت "من ماوەی چەندین ساڵە سەیری یاریکردنی کاسێمیرۆ دەکەم و ئەو یەکێکە لە ناوەڕاستکارە دڵخوازەکانم، بەڵام شێوازی یاریکردنی ئێستای ئەو بەشێوەیەکە کە وەک ئەوە وایە یارییەکە خێرخوازی بێت و کەسی ناودار بەشداری یارییەکە بکەن و ئامانجی یارییەکە تەنیا چێژ وەرگرتن بێت، بەڵام ئێرە پرێمەرلیگە و دەبێت رابکەیت."
 
کاسێمیرۆ لە هاوینی 2022 بەبڕی 70 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی لەگەڵ یانەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشكێشدەکرد، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە زۆر بۆنەدا هاندەرانی یانەکە رەخنەی تووندی لێدەگرن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە