رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی مێژووی تۆپی پێ، چوونی ئۆسکار دۆس سانتۆسی بەرازیلییە بۆ خولی چین و ئەو چیرۆکە نزیکە لەوەی بگاتە کۆتایی.
ئۆسکار کاتێک پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی شەنگەهای چینییەوە کرد، لە لووتکەی ئاستیدا بوو و تەمەنی تەنیا 25 ساڵ بوو، هەمووان چاوەڕێ بوون یاریزانەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل و لەسەر ئاستی ئەوروپا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت، بەڵام ئەو پارەی هەڵبژارد و چووە چین.
بەپێی هەواڵی میدیای بەرازیل، ئۆسکار دوای 8 ساڵ یارییکردن بڕیارییداوە ریزەکانی یانەی شەنگەهای بەجێبهێڵێت و کۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنێت کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ خولی ئەو وڵاتە هەیەتی.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئۆسکار بڕیارییداوە ئاڵنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە و پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکانی خولی بەرازیلەوە بکات، بۆ ئەوەش ئامادەیە مووچەیەکی کەمتر لە مووچەی ئێستای وەربگرێت.
ئۆسکار لە پێشەنگی ئەو یاریزانانە بوو کە لە 2017 روویانکردە چین، مووچەی ساڵانەی 24 ملیۆن یۆرۆ بوو و تاوەکو ئێستا 192 ملیۆن یۆرۆی وەک مووچە لە یانەکە وەرگرتووە و لەسەر ئاستی جیهان، یەکێک بووە لە خاوەنی زۆرترین مووچە لەنێو یاریاریزانانی تۆپی پێ.
لەبارەی چوونی بۆ چین و پەیوەندیکردن بە یانەی شەنگەهای، ئۆسکار لە لێدوانێکی پێشوویدا دەڵێت "من لە ماڵباتێکی هەژاربووم، بۆ ئەوەی بتوانم هاوکاریی ماڵباتەکەم بکەم پێویستیم بە پارە بوو، بۆیە بڕیارمدا بچمە چین."
ئۆسکار تاوەکو ئێستا 207 یاریی بە درێسی یانەی شەنگەهایەوە ئەنجامداوە و 61 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.
ئەستێرە بەرازیلییەکە لەگەڵ یانەی چینییەکە 2 جار نازناوی خولی سوپەری چینی بەدەستهێناوە و جارێکیش بووەتە پاڵەوانی جامی سوپەری وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ