رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکانی دوای بڕیاری رەتکردنەوەی گۆڵەکەی لایپزیگ لە یاریی بەرامبەر ریال مەدرید بەردەوامە و ئەستێرەیەکی یانەی شاهانە دەڵێت، دەبووایە گۆڵەکە هەژمارکرابووایە.
یارییەکانی چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەستیپێکرد و یانەی ریال مەدرید بووە میوانی لایپزیگ لە یاریگەی رێد بوڵ ئارێنا، مێرێنگی توانی بە گۆڵێکی براهیم دیاز یارییەکە بباتەوە و هەنگاوێک لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە نزیک بووەوە.
لە دووەم خولەکی یارییەکەدا، بێنیامین سێسکۆ گۆڵی یەکەمی بۆ لایپزیگ تۆمارکرد، بەڵام لایمەن ئاڵاکەی دەستی بەرزکردەوە و بە بیانووی ئۆفساید گۆڵەکەی رەتکردەوە. لە دیمەنەکاندا دەرکەوت کە سێسکۆ لە دۆخی ئۆفسایددا نەبووە، بەڵام بێنیامین هێنریکسی هاوتیپی هەرچەندە هیچ بەرکەوتنێکی لەگەڵ تۆپدا نەبوو، لە دۆخی ئۆفسایددا بووە و بە بیانووی ئەوەی بەرکەوتنی لەگەڵ لونینی گۆڵپارێزی ریال مەدریددا هەبووە و بەشداری لە هێرشەکەدا کردووە، ڤار گۆڕانکاری لە بڕیاری ناوبژیوان نەکرد و گۆڵەکە رەتکرایەوە.
ئەو بڕیارەی ناوبژیوان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە هاندەران لەگەڵ بڕیارەکەی ناوبژیوانن و پێیانوایە رەتکردنەوەی گۆڵەکە بڕیارێکی درووستبووە، بەشێکی دیکەش لە دژی بڕیارەکەن و دەڵێن دەبووایە گۆڵەکە هەژمارکرابووایە.
بەشێک لە کاردانەوەکان:
ئیتورالدێ گۆنزالێز- شیکەرەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوان لە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی (پێشتر کاری ناوبژیوانی کردووە): هێنریکس (یاریزانەکەی لایپزیگ) لە ئۆفساید بووە و پاڵی بە لونینەوە ناوە، بۆیە بەشداری لە هێرشەکەدا کردووە. لایمەن ئۆفسایدی هەژمارکرد و ڤاریش لەگەڵ بڕیارەکەی ئەو هاوڕابوو، لەبەرئەوەش بوو کە ناوبژیوان نەگەڕایەوە بۆ ڤار و سەیری دیمەنەکەی نەکردەوە.
جەمال شەریف- شیکەرەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوان (پێشتر کاری ناوبژیوانی کردووە): بڕیاری رەتکردنەوەی گۆڵی لایپزیگ بەرامبەر ریال مەدرید، بڕیارێکی دروست بوو.
مارکۆ رۆز- راهێنەری یانەی لایپزیگ: دەبوایە گۆڵەکەمان هەژمارکرابووایە، من لە ناوبژیوان تووڕە نیم و نامەوێت کێشە درووستبکەم، بەڵام ئەوە بڕیارێکی هەڵە بوو و هەموومان بینیمان کە ئەوە کارە راستەکە نەبوو.
تۆنی کروس- ناوەڕاستکاری ریال مەدرید: ناوبژیوان گوتی کە گۆڵەکەی رەتکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی یاریزانەکەی لایپزیگ رێگری لە لونین کردووە، بەڵام ئەگەر رێگریشی لێنەکردبا لونین هەر نەدەگەشتە تۆپەکە، بۆیە ئەوە گۆڵ بوو.
ماتیۆ لاهۆز (ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانی): رەتکردنەوەی گۆڵەکەی لایپزیگ بە پاساوی ئۆفساید کارێکی شێتانەبوو، ئەوە تۆپی پێ نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ