رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا ماوەی چەند مانگێکە تووشی قەیرانێکی گەورەی کەمئاوی بووە و ئەو قەیرانەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر هەموو دامەزراوەکانی هەرێمەکە، یەکێک لەوانەش یانەی بارسێلۆنایە و ئیدی بەبڕیارێک خۆ شوشتنی یاریزانان لە یانەکە قەدەخە دەکرێت.
هەرێمی کەتەلۆنیا لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، هیچ جارێک بەمشێوەیە رووبەڕووی وشکەساڵی نەبووەتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن کەس، یەکێک لە دیارترین شارەکانیشی بارسێلۆنا و دامەزراوەکانی تایبەت بە دابینکردنی ئاو تەنیا توانای دابینکردنی 18٪ـی پێویستییەکەی پڕکردووەتەوە.
بەهۆی ئەم قەیرانە گەورەیەوە حکومەتی کەتەلۆنیا چەند بڕیارێکی بۆ پاراستنی ئاو دەرکردووە، یەکێک لەو بڕیارانەش ئەوەیە کە ئیدی بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەفیڕۆدانی ئاو نادەن، لەوانەش قەدەخەکردنی خۆشوشتنی یاریزانان لەنێو هۆڵ و ناوەندە وەرزشییەکان.
بڕیارەکە یانەی بارسێلۆناش دەگرێتەوە، ئیدی یاریزانەکانی لە دوای ئەنجامدانی مەشقەکان و یارییەکانیش ناتوانن لە ژووری خۆ گۆڕیندا گەرماو بکەن و خۆیان بشوون، دەبێتە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان پاشان خۆیان بشوون
هەرێمی کەتەلۆنیا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، رۆژی 2ـی8-2023 باری نائاسایی بەهۆی کەمی بارانبارینەوە لە چەند ساڵی رابردوودا لە 24 شارەوانیی هەرێمەکەدا راگەیاند.
هەرێمەکە لە رێگەی دەرکردنی ئەم بڕیارانەوە دەیەوێت دەست بە پاراستنی ئاوەوە بگرێت و چیدیکە ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە شارەکانی کەتەلۆنیا ئاو بەفیڕۆنەچێت.




