لەنێو ماڵی بارسادا شەڕە

13-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا چاڤی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، سوپرایزێکی گەورەی ئاشکراکرد سەبارەت بە دەستوەردانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا لە کارەکانی راهێنەر چاڤی هێرناندێز، پێش ئەوەی رووبەڕووی رۆیاڵ ئانتوێرپی بەلجیکی ببنەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، بارسێلۆنا دەبێتە میوانی یانەی ئانتوێرپی بەلجیکی و لانیکەم پێویستی بە خاڵێکە بۆ مسۆگەرکردنی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی.
 
رادیۆی کەتەلۆنیا RAC1 رایگەیاندووە، لاپۆرتا چاڤی ناچارکردووە لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەموار بکاتەوە کە بۆ یارییەکە بانگهێشتیکردوون، و جارێکی دیکە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئیلکای گوندۆگان و ئاراوخۆ بخاتە ناویەوە.
 
چاڤی بڕیاریدابوو ئەو سێ یاریزانە لە لیستی یارییەکە دووربخاتەوە، ئەمەش بەهۆی بەدەستهێنانی بلیتی قۆناخی 16 و تا راددەیەکی زۆر مسۆگەرکردنی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی.
 
لای خۆیەوە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، هۆکاری گۆڕینی بڕیارەکەی چاڤی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تیپەکەی شەوەکەی لە بەلجیکا دەمێنێتەوە و راستەوخۆ دوای یارییەکە ناگەڕێتەوە بارسێلۆنا، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 3 یاریزانی گرنگ و سەرەکی بارسێلۆنا یاخیبوونیان لە دژی ستافی راهێنەرایەتی چاڤی راگەیاندووە، ئەوانیش بریتین لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئیلکای گوندۆگان و ژول کوندێ.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی چاڤی و ستافی تەکنیکی لە بڕیاری دوورخستنەوەی یاریزانەکان بکشێنەوە و جارێکی دیکە بیانخەنەوە نێو لیستەکە.
 
بەپێی راپۆرتێکی پێشووی بەرنامەی چیرینگیتۆ، قەیرانێک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا روویداوە لە دوای دۆڕانەکەی بە جیرۆنا بە ئەنجامی 4-2 لە گەڕی 16ـی لالیگادا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو سێ یاریزانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ یاریدەدەرەکانی چاڤی، ئۆسکار هێرناندێز و سێرجیۆ ئالێگری کردووە.
 
لە بەرنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە کارگێڕیی بارسێلۆنا متمانەیان بە یاریدەدەرەکانی چاڤی نییە، بەتایبەتی ئۆسکاری برای، کە خاوەنی مێژوویەکی دیار نییە.
 
بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەی هەشتەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدایە، یانەی رۆیاڵ ئانتۆێرپیش هیچ خاڵێکی نییە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندییەکەدایە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە