گورزێکی بەهێز بەر ریال مەدرید کەوت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید ریال سۆسیداد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوو یاریزانی ریال مەدرید بەشداری مەشق و راهێنانە بەکۆمەڵەکانیان نەکرد، رۆژێک پێش گەڕانەوەی تیپەکە بۆ یاریکردن لە لالیگا، ئەمەش مانای وایە لە یارییەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد ئامادەنابن، کە بڕیارە سبەی شەممە ئەنجامبدرێت.
 
ریال مەدرید دوای تەواوبوونی هەفتەی فیفا، بەهیوای بردنەوە و پاراستنی زنجیرەی بێ دۆڕانی خۆی بۆ وەرزی 2024-2025 سبەی شەممە دەست بە یارییەکانی لالیگا دەکاتەوە، کاتێک دوور لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەسەر یاریگای ئەنویتا دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بەهیوای ئەوەبوو لەدوای هەفتەی فیفا سوود لە تواناکانی هەردوو یاریزانەکەی، ئۆرێلیان چوامینی و هاوڕێ ئینگلیزییەکەی جود بێلینگهام وەربگرێت، کە لە پێکان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوان نەیانتوانی ئەمڕۆ بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا بکەن و خودی ئەنچێلۆتی رایگەیاند کە ئەوان ناتوانن بەشداری لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیداد بکەن.
 
جگە لە چوامینی و بێلینگهام، هەریەک لە ئیدواردۆ کاماڤینگا، دەیڤید ئالابا و دانی سیبایۆسییش لە پێکانەکانیان چاکنەبوونەتەوە و ئامادەی یارییەکە نابن.
 
چوامینی و بێلینگهام لە خولەکەکانی یەکەمی مەشقەکاندا دەرنەکەوتن، کە میدیاکان رێگەیان پێدرابوو بەشداری بکەن، بەڵام وادیارە دواتریش نەیانتوانیوە بەشداری بکەن، بۆیە ئەنچێلۆتی یارینەکردنیانی راگەیاند.
 
ئەو دوو یاریزانە دوێنێ لەگەڵ هاوڕێکانیان مەشق و راهێنانیان کرد بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پێکانەکانیان و ئاستی چاکبوونەوەیان.
 
هەواڵەکە هەمووی خراپ نەبوو بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، چونکە ئیدەر میلیتاوی بەرازیلی لەو پێکانەی لە ماسوولکەکانی تووشی بووبوو چاکبووەتەوە و ئامادەیە بۆ یارییەکە.
 
ئەوەی جێگەی مەترسییە بۆ ریال مەدرید ئەوەیە کە ئەمساڵ لەو دوو یارییەی لە دەرەوی یاریگەی خۆیدا ئەنجامیداون نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت و چوار خاڵی لەدەستداوە، کە سەرەتا لەگەڵ مایۆرکا و دواتریش لەگەڵ لاس پاڵماس یەکسانبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە