ڤینیسیۆس سعودییەکانی بێئومێد نەکردووە

دوێنێ کاژێر 11:40
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی کتوپڕ، ناوی ڤینیسیۆس لەگەڵ خولی سعودی بەسترایەوە و تاوەکو دێت هەواڵەکان زیاتر پشتڕاستدەبنەوە لەسەر پەیوەندی نێوان ئەو یاریزانە و نوێنەرانی خولی سعودی
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی بردنەوەی باڵۆندۆری وەرزی رابردوو، بووەتە ئامانجی یەکەمی پرۆژەی وەبەرهێنانی سعودی، ئەوان دەیانەوێت ڤینی بکەن بە باڵیۆزی پڕۆژەی جامی جیهانی 2034 کە بڕیارە لە سعودیە ئەنجامبدرێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، هەفتەی رابردوو بەڕێوبەری کارەکانی ڤینیسیۆس و نوێنەری سندوقی وەبەرهێنانی سعودی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، تیایدا باسی ئەو دەستەوارەیە کراوە کە سعودیە ئامادەیە پێشکێشی یاریزانەکەی بکات.
 
ئەو دەستەوارەی باسی لێدەکرێت نزیکە لە یەک ملیار یۆرۆ بۆ ماوەی پێنج وەرز، راستە ئێستا ئەگەری روودانی ئەمە کەمە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ڤینیسیۆس و نوێنەرەکانی دەستەوارەیەکەیان بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە رەتنەکردووەتەوە.
 
بەپێی میدیا سعودییەکان، ئەوان هەستیان بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس بیر لە بابەتەکە دەکاتەوە و رەتی نەکردووەتەوە، ئەگەر هەست بەوە بکەن کە یاریزانەکە مەیلی رۆیشتنی نییە ئەوە بەردەوام نابن لە گفتوگۆکان.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سعودی، ئەگەر سندوقی وەبەرهێنانی سعودی سەرکەوتووبێت لە کڕینی ڤینیسیۆس، ئەوا ئەو یاریزانە لە یانەی ئەهلی یاریدەکات.بە رەچاوکردنی ئەوەی سەرجەم یانەکانی سەر بە ئەو پرۆژەیە ئەستێرەیەکی سەرەکییان هەیە جگە لە یانەی ئەهلی.
 
نەسڕ رۆناڵدۆی هەیە، ئیتیحاد بنزیمای هەیە، هیلال نەیماری هەیە.
 
ریال مەدرید نایەوێت یاریزانەکە لەدەستبدات و بەئاشکرا رایگەیاندووە کە هەر یانەیەک بیەوێت ئەو یاریزانە بەدەستبهێنێت، پێویستە نرخی شکاندنی گرێبەستەکەی بدەن کە یەک ملیارە یۆرۆیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە