هەڤپەیڤینی نوێ.. مێسی قسەی دڵی خۆی لەبارەی مۆندیال و باڵۆن دۆر دەکات

13-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی مۆندیالی 2022 باڵۆن دۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە هەڤپەینێکی نوێدا لەبارەی باڵۆن دۆر و بردنەوەی نازناوی مۆندیالی قەتەر و زۆر پرسی دیکەوە قسەدەکات و دەڵێت "بەنیازنیم بەشداری لە مۆندیالی داهاتوودا بکەم و بردنەوەی نازناوی مۆندیال بۆ من گەورەترین خەڵاتە."
 
مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە چینە، یاریزانەکە خۆی بۆ یاریی دۆستانەی بەرامبەر ئوسترالیا ئامادەدەکات کە لەو وڵاتە دەکرێت، ئەمڕۆ هەڤپەیڤینێکی نوێی لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی چینی ئەنجامدا، کە تاکە رۆژنامەڤانە لەسەر ئاستی وڵاتەکە دەتوانێت دەنگ بۆ باڵۆن دۆر بدات، گرنگترین پرسیار و وەڵامەکانی هەڤپەیڤینەکە بخوێننەوە.
 
رۆژنامەڤان: بردنەوەی مۆندیال؟
 
مێسی: دوای ئەوەی نازناوی مۆندیالم بەدەستهێنا کە لەدەستمدابوو، رازیم و سوپاسگوازم بەرامبەر ئەو پیشەیەی هەڵمبژاردووە، ئەمەش گرنگترین شتە بەلای منەوە.
 
رۆژنامەڤان: دووبارە سەیری یارییەکانی مۆندیال دەکەیتەوە؟
 
مێسی: نەخێر، لە راستیدا بەتەواوی سەیری هیچ یارییەکی مۆندیالم نەکردووەتەوە، زۆر دیمەنی سەرنجڕاکێشی هەموو یارییەکانم سەیرکردووە، بەڵام بۆ ماوەی 90 خولەک سەیری هیچ یارییەکم نەکردووەتەوە.
 
رۆژنامەڤان: ئایا بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکەیت؟
 
مێسی: وەک ئەوەی پێشتر گوتبووم، پێموانییە بەشداری لە وەشانی داهاتووی مۆندیالدا بکەم، من لەو بارەیەوە بیروڕام نەگۆڕاوە، حەزدەکەم لەوێ بم بۆ ئەوەی یارییەکانی ببینم، بەڵام بەشداریی ناکەم.
 
رۆژنامەڤان: سکالۆنی؟
 
مێسی: پێموایە هەموو راهێنەرەکان جیاوازن و ئێمەی یاریزانەکان ستایلی تایبەتی خۆمان هەیە، بەڵام بۆ ئێمە کەسێکی تایبەت بوو بۆ ئەم تیپە، بەبێ گوێدانە ئەو ئەنجامە باشانەی هەمیشە بەدەستی دەهێنین.
 
رۆژنامەڤان: باڵۆن دۆر؟
 
مێسی: لەم قۆناخەی ژیانی مندا، ئەگەر بردمەوە باشە، ئەگەر ناش هیچ روونادات.
 
رۆژنامەڤان: تۆ بەربژێرێکی بەهێزی بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، ئایا ئیلهامت پێدەبەخشێت؟
 
مێسی: نەخێر، راشکاوانە بڵێم، لەم قۆناخەی ژیانمدا، چیدی بۆ من گرنگ نییە، هەمیشە دەڵێم خەڵاتی تاکەکەسی بەلای منەوە گرنگ نین، بەڵکو خەڵاتە بەکۆمەڵەکان بۆ من گرنگترن. ئێستا گرنگترین خەڵات بۆ من مۆندیالە. گەورەترین خەڵاتە لە ژیانمدا.
 
رۆژنامەڤان: هێشتا پەیوەندیت لەگەڵ پێپ گواردیۆلا هەیە؟ رات چییە لەسەر دەستکەوتەکانی لە مانچێستەر سیتی؟
 
مێسی: تاوەکو ئێستا پەیوەندیمان بەردەوامە، بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمجارە دەریدەخات کە ئەو باشترین راهێنەری جیهانە، شایەنی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بوو.
 
رۆژنامەڤان: کێ بەرێزترین رکابەر بووە کە رووبەڕووی بوویتەوە؟
 
مێسی: رێزی زۆرم هەیە بۆ هەمووان، چ رکابەرەکانم و چ هاوڕێکانیشم، زەحمەتە بتوانیت یاریزانێکی دیاریکراو وەک رکابەرێک دیاری بکەیت کە زۆر رێزت دەگرێت.
 
رۆژنامەڤان: ئەو بەرگریکارەی لە بەرامبەری زۆرترین ئازارت بینی؟
 
مێسی: 20 ساڵ لە بەرزترین ئاستدا یاریی تۆپی پێم کردووە، رووبەڕووی چەندین رکابەر و یاریزانی زەحمەت بوومەتەوە.
 
رۆژنامەڤان: ئەو یاریزانەی هەست بە زۆرترین ئاسوودەیی دەکەیت کە تۆپی پێدەدەی؟
 
مێسی: سوارێز، چاڤی، نەیمار، ئیتۆ و هی دیکەش هەن.
 
رۆژنامەڤان: هەست چییە کاتێک لە کامپ نو هاندەران بانگت دەکەن؟
 
مێسی: هەرچەند من لەوێ نەبووم ئەوان ناوی منیان دەگوتەوە، کەمێک سەیربوو، بەڵام زۆر مانای هەبوو. من و منداڵەکانم ساڵانێکی زۆر لەوێ ژیاوین، پەیوەندییەکی قوڵم لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، خۆشحاڵ و سوپاسگوزارم کە ناوی منیان دەگوتەوە.
 
رۆژنامەڤان: ئایا بیرۆکەکەت گۆڕیوە بەوەی کە نەتەوێت لە داهاتوودا کاری راهێنەرایەتی بکەیت؟
 
مێسی: تاوەکو ئێستاش پارێزگاری لەو بیرۆکەیەم دەکەم، ئێستا نامەوێت لە داهاتوودا ببمە راهێنەر، لە داهاتوودا روون کە بیرۆکەکەم دەگۆڕم یان نا.
 
رۆژنامەڤان: ئامۆژگاریت بۆ یاریزانانی نەوەی داهاتوو؟
 
مێسی: دەمەوێت پێیان بڵێم: پیشەکەت زۆر بەخێرایی تێدەپەڕێت، من مامۆستا نیم، بەڵام پێت دەڵێم: دوای تەواوبوونی ژیانی تۆپی پێت، پیشەیەکی دیکەت دەستناکەوێت، بۆیە چێژ لەوە وەربگرە کە بەسەریدا تێدەپەڕیت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە