کوردێک چوار جار ناوی چووەتە کتێبی گینس

13-01-2023
سه‌نگه‌ر ستار
 رێباز محەممەد، نمایشکاری وەرزشی و خاوەنی چوار ریکۆردی جیهانی بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد
رێباز محەممەد، نمایشکاری وەرزشی و خاوەنی چوار ریکۆردی جیهانی بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک چوار جار ناوی چووەتە کتێبی گینس، نمایشکارێکە کە تۆپی پێ دەرەقەتی نایەت. رێباز محەممەد لە بەریتانیا دەژیت، بەڵام نێوبانگ و نمایشەکانی سنووربڕن و ئەو هەم هەوادارانی تۆپی پێی سەرسامکردووە و هەم منداڵانیش بەو یارییانەی بە تۆپی پێ دەیکات شاگەشکە دەبن. 
 
رێباز محەممەد، نمایشکاری وەرزشی و خاوەنی چوار ریکۆردی جیهانی بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و لە بارەی ریکۆردەکانی گوتی "تاوەکو ئێستا چوار جار ناوم چووەتە نێو کتێبی گینس، یەکەم جار لە ساڵی 2018 بوو، ئەوکات توانیم 45 جار لە خولەکێکدا یاریی بە تۆپ بکەم لە رێگەی سەرمەوە، دواتر لە ساڵی 2020 بۆ جاری دووەم ناوم چووە کتێبی گینسەوە و بەهۆی ئەوەی توانیم 149 جار لە جیاتی یاریی بە تۆپ بکەم لە رێگەی سەر و شانمەوە، جاری سێیەم و چوارەمیش لە ساڵی 2021 بوو."
 
رێباز محەممەد رایگەیاند، ئەو یاریی ئازاد بە تۆپ دەکات، پیشتر یاریزانی تۆپی پێ بوو، بەڵام دواتر کارامەیی خۆی لە یاریی ئازاد بە تۆپ دۆزیوەتەوە و هەوڵی بۆداوە و توانیویەتی ئەو چوار ریکۆردە جیهانییە بەناوی خۆی بنووسێتەوە.
 
رێباز محەممەد خەڵکی کەلاری باشووری کوردستانە و لە تەمەنی 16 ساڵییەوە لە بەریتانیا دەژیت و دەڵێت " بژێوی ژیانم بە یاریی ئازاد بەدەستدەهێنم و ئێستا خاوەنی ئەکادیمیایەکی فری ستایلم لە بەریتانیا و خەونیشم ئەوەیە ئەمساڵ ببمە یەکەمی یاریی ئازاد بە تۆپ لە جیهاندا."
 
خاوەنی چوار ریکۆردە جیهانییەکە گوتیشی "هەمیشە لە رکابەرییەکاندا ئاڵای کوردستانم بەرزکردووەتەوە و ساڵی رابردوو لە چیک بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییم کرد."
 
رێباز محەممەد هیوای خواست ئەمساڵ دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بگەڕێتەوە کوردستان و لەوێش ماوەیەک گەنجامی خاوەن بەهرە فێری یاریی ئازاد بە تۆپ بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە