رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک دووەم بردنەوەی لەسەریەکی لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆمارکرد و پاشەنگ عەبدوڵڵاش لەسەر درەوشانەوە بەردەوامە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولەکەدا، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی حدوود یارییکرد، ئەلهویێن چیا یارییەکەیان بردەوە و سێ خاڵی دیکەیان بەدەستهێنا.
دوای 35 خولەک یارییکردن، پاشەنگ عەبدوڵڵا لەسەر شێوازی ئەستێرە گەورەکان گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد و یانەی میوانی پێشخست.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، لێدانێکی سزا بۆ دهۆک هەژمارکرا، پیتەر گۆرگیس، ئەستێرەی یانەکە سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی دووەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، پیتەر بەشێوەیەکی زۆرجوان ئاسیستی کرد و یانیک زاکری، بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی حدوودی لە بەرژەوەندی یانەی دهۆک هەژاند.
لە خولەکی 78 حدوود ئەنجامەکەی بە سوود وەرگرتن لە هەڵەیەکی محەممەد ساڵح لە رێگەی عەلی کەریمەوە ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێکی کەم پاشەنگ ئەمجارە ئاسیستی کرد و جیلبێرت کۆمسۆن گۆڵی چوارەمی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد.
دهۆک یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە خولەکەدا بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 11 خاڵ لەم وەرزەی خولەکەدا.
ئەوەی بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک جێگەی دڵخۆشییە، ئاستبەرزیی پاشەنگ عەبدوڵڵایە، هێرشبەرە کوردەکە لە دوایین سێ یارییدا بەدرێسی دهۆکەوە 4 گۆڵی تۆمارکردووە، بەرامبەر نەسڕی ئیماراتی گۆڵێک، بەرامبەر دیالە دوو گۆڵ و بەرامبەر حدوودیش گۆڵێکی تۆمارکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ