"پێویستە تۆپی پێ رزگار بکەین"

12-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن خولی سوپەرلیگ فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پێی وایە پاڵەوانێتی سوپەرلیگـی ئەوروپا "دەتوانێت سەرەتای سەردەمێکی نوێ بێت لە پێناو زیندوو هێشتنەوە تۆپی پێ". 
 
پاڵەوانێتی سوپەرلیگ لە ساڵی 2021 راگەیندرا و ئامانجی پاڵەوانێتییەکە ئەوە بوو کە رکابەری بکات لەگەڵ چامپیۆنزلیگ و ئەو پاڵەوانێتییانەی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) سەرپەرشتی دەکات. ساڵی 2021 لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا پێرێز گووتی " پاڵەوانێتی سوپەرلیگ  یانەکان لەو قەیرانە ئابووریە رزگار دەکات کە تووشیان بووە. تۆپی پێ پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و چامپیۆنزلیگ ئەو جۆش و خرۆشیەی ساڵی 1950ـی نەماوە، بۆیە پێویستە تۆپی پێ رزگار بکەین و یارییەکان سەرنجڕاکێشتر بن".
 
ریال مەدرید یەکێك بوو لە 12 یانەیەی بوونە ئەندام لە پاڵەوانێتییەکەدا کاتێك ساڵی 2021 راگەیندرا، بەڵام بەهۆی هێرشی میدیاکان و هاندەرانی تۆپی پێ دوای تەنیا 72 کاژێر پاڵەوانێتییەکە هەڵپەسێندرا و ئێستا تەنیا یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە پاڵەوانێتییەکەدا ماونەتەوە. دواتر لە ساڵی 2022 دادگای دادوەری ئەوروپا کەیسەکەی لە بەرژەوەندی یوفا یەکلایی کردەوە و دوایین بڕیار لە مانگی 12ـی ساڵی 2023 لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە دەدرێت. 
 
رۆژی شەممە لە کۆبونەوەی گشتی یانەی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێز جارێکی دیکە دەرفەتەکەی قۆستەوە و باس لە خراپی دۆخی تۆپی پێ دەکات و دەڵێت "تۆپی پێ تووشی قەیرانێکی دامەزراوەیی گەورە بووە و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە. دەبێت ئێستا پەرچەکردارمان هەبێت ئەگەرنا تۆپی پێ ناتوانێت بەردەوام بێت. ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی تۆپی پێ جارێکی دیکە ئیلهام بە هاندەرەکانی ببەخشێت".
 
دواتر پێرێز هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی یوفا و لالیگا و دەڵێت "تۆپی پێی ئەوروپی موڵکی سەرۆکی یوفا نییە هەروەك چۆن تۆپی پێی ئیسپانیا موڵکی سەرۆکی لالیگا نییە. ئامانجی سوپەرلیگ روونە: دروستکردنی باشترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی یانەکان".
 
دواتر پێرێز رەخنە لە یوفا دەگرێت و دەڵێت "یوفا بە هەمان شێوەی 30 ساڵ لەمەوبەر پاڵەوانێتییەکان بەڕێوەدەبات. هیچ داهێنانێك ناکەن و هەوڵ نادەن پاڵەوانێتییەکە لە هاندەران نزیك بکەنەوە. زۆر نموونەمان لە کەرتەکانی دیکەدا بینیوە کاتێك دامەزراوەیەکی گەورە مایەپووچ دەبێت بەهۆی ئەوەی داهێنان و نوێگەری لە کەرتەکەدا نەکردووە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکەکەی ریال مەدرید دەڵێت: هیوادارین رۆژی 21ـی مانگی 12، دادگای دادوەری ئەوروپا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە بدات و تۆپی پێ بچێتە قۆناخێکی نوێوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە