ناوبژیوانێکی خولی سعودیە: رۆناڵدۆ لە یاریگەدا بەردەوام بۆڵە بۆڵ دەکات

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی رۆشنی سعودی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کریستیانۆ رۆناڵد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هیکتۆر سەعید مارتینێز، ناوبژیوانی هیندۆراسیی، بەشێک لە کەسایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی ئاشکراکردووە و دەڵێ، لە یاریگەدا بەردەوام خەریکی بۆڵە بۆڵە.
 
هیکتۆر کە چەندین یاریی لە خولی رۆشنی سعودیە بەڕێوەبردووە، لە چەندین یاریی یانەی نەسڕیشدا لە خولەکە ناوبژیوان بووە، ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ کەسێکی زۆر مەزاجییە.
 
هیکتۆر، قسەی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی کردووە، گوتوویەتی، "رۆناڵدۆ یاریزانێکە مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر زەحمەتە، چونکە زۆر مەزاجییە و کەسێکە زۆر رکابەرە لەپێناو بردنەوەدا".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەو ویستی رکابەرییە گەورەیەی لە رۆناڵدۆدا هەیە، وایکردووە ئەو بەردەوام هەست بکات ناهەقیی بەرامبەر دەکرێت، ئەمەش پاڵی پێوەدەنێت بۆئەوەی بەردەوام سکاڵا بکات و بۆڵە بۆڵی بێت لە یاریگەدا".
 
هیکتۆر سەعید، ئاشکرایکردووە لە کاتی بەڕێوەبردنی یەکێک لە یارییەکانی یانەی نەسڕدا، بەهۆی ڤارەوە دوو گۆڵی یانەی نەسڕی رەتکردووەتەوە، ئەوەش رۆناڵدۆی زۆر تووڕەکردووە. پاشان گوتوویەتی، "دوای پێداچوونەوەی ڤار دوو گۆڵی نەسڕمان رەتکردەوە، بەڵام دواتر تیپی بەرامبەر گۆڵێکیان کرد و ئیدی ئەو پێیوابوو هەڵەمان کردووە و فاوڵ هەبووە بۆ یاریزانانی یانەکەی".
 
هیکتۆر دەڵێ، دوای ئەو رووداوە، بینیم رۆناڵدۆ نزیکەی دە مەتر دوور لە من راوەستاوە و دەڵێ، "ئەمە بەردەوام حاڵی ئێمەیە لەگەڵ ئێوە، ئێمە ئێوەمان نەهێناوەتە ئێرە بۆ ئەوەی ببنە ئەستێرە، ئەوە ئێمەین ئەستێرەین".
 
سەعید ئەوەشی ئاشکراکردووە، "پاش یارییەکە رۆناڵدۆ هات و داوای لێبوردنی لەبارەی قسەکانییەوە کرد".
 
ئەو یارییەی ناوبژیوانە هیندۆراسییەکە ئاماژەی پێداوە، یاریی نێوان نەسڕ و زەمک بوو لە 21ی مانگی دەی ساڵی 2023 بوو کە نەسڕ بە دووگۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی نەسڕی تۆمارکرد.
 
هیکتۆر سەعید مارتینێز لە دایکبووی هیندۆراسە، تەمەنی 33 ساڵە و لە ساڵی 2017ەوە بڕوانامەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەلایەن فیفاوە پێدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە