ئارسیناڵ میوانی مانچێستەرە و عەقڵی ئارتێتا دەڵێ، گانەرز پاڵەوانی ئەمساڵە

12-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نازناوی پرێمەرلیگ ئارسیناڵ مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریگەی ئۆڵدترافۆرد دەبێتە مەیدانی یەکێک لە رووبەڕووبوونەوە کلاسیکییەکانی پرێمەرلیگ و مانچێستەر یونایتد میوانداریی ئارسیناڵ دەکات.
 
هەردوو یانە ویستی زۆریان بۆ بردنەوەی یارییەکە هەیە، ئەگەر ئارسیناڵ پێویستی بەخاڵەکانی یارییەکە هەبێت تاوەکو لەخەون بینین بەنازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگەوە بەردەوام بێت، بەتایبەت پاشئەوەی مانچێستەر سیتی بردنەوەیەکی دیکەی بەدەستهێنا، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت کەمێک لە گوشاری ئەنجامە خراپەکان لەسەر خۆی کەمبکاتەوە و ئازاری وەرزە خراپەکەی لەبیر خۆی بباتەوە.
 
میکێل ئارتێتا، لەگەڵ هەستیاربوونی زیاتری دۆخی رکابەرییەکە و بەردەوامبوونی مان سیتی لەسەربردنەوەکانی، هێشتا دەستبەرداری خەونی بردنەوەی نازناوەکە نەبووە، ئەگەرچی مانچێستەر سیتی بەجیاوازیی دوو خاڵ و یارییەکی دواخراو، لە پێش تیپەکەی ئەوەوەیە.
 
ئارتێتا دەڵی، "عەقڵم هەمووجار دەمباتە ئەو جێگەیەی کە ئێمە جامی خولەکە بەرز دەکەینەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە عەقڵم پێشبینیدەکات. من تەنیا دوای عەقڵ و بیرکردنەوەم دەکەوم و ئەوەش هەستی منە. ئەمە هەروەها ئەو رێگەیەیە کە دەمەوێت هەمووان لەبیرکردنەوەیاندا بیگرنە بەر و هیوادارم بتوانین ئەوە بکەین".
 
ئارسیناڵ ئەگەرچی لەدوای شکستە لەناکاوەکەی ئاستۆن ڤێلاوە چوار یاریی بەسەریەکەوە بردووەتەوە و خەونەکەی هێشتا زیندووە، بەڵام پێویستی بەکەمێک چانس هەیە تاوەکو مانچێستەر سیتی، لە شوێنێکدا خاڵ لەدەستبدات و بەوەش رێگەی بوونە پاڵەوان، بۆ ئەو بکاتەوە.
 
راهێنەری ئارسیناڵ لەوبارەیەوە دەڵێ، "ئەمە شتێکە لە دەستی ئێمەدا نییە. من باسی ئەوە دەکەم کە هەستی پێدەکەم، هەروەها باسی بیرۆکەکانی خۆم دەکەم کە سەرچاوەی وزەی منن و ئامانجەکەشمان روونە، ئەمە ویستی ئێمە و مەبەستەکە لە کۆتاییدا دیارە کە چیماندەوێت".
 
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "ئێمە لە کاروانی هەوڵدان بەگەیشتنەوە بەوانین و هەوڵدەدەین لەوان باشتر بین، ئەمە ئامانجەکەیە و دەزانین دەبێ چیبکەین. گرنگە کە ئێستا ئەم ئاستەی رکابەریمان هەیە. ئەمە وادەکات ئێمە باشتر بین، هەمووکات کەسێک هەیە ئاڵنگاریت بکات و تۆ دەبێ لە هەنگاونان بەردەوام بیت".
 
ئارسیناڵ بەیادەوەرییەکی خۆشەوە روو لە ئۆڵدترافۆرد ناکات، یارییەکە هەستیارییەکی زۆری بۆ تیپەکە تێدایە، بەتایبەت کە ئارسیناڵ لە 2020ەوە لە ئۆڵدترافۆرد براوە نەبووە، ئەگەرچی لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە مانچێستەری بردووەتەوە، بەڵام لە یاریگەی ئارسیناڵدا.
 
لەو بارەیەوە راهێنەری ئارسیناڵ دەڵێ، "هەر یارییەک چوارچێوەیەکی جیاوازی هەیە. ئێمە دەزانین زەحمەتییەکە لە مێژووماندا هەیە. ئێمە دەبێ لە باشترین کاتی خۆماندا بین بۆ ئەوەی شایستەی بردنەوەی یارییەکە بین".
"قورسیی کارەکە پەیوەندی بەکوالیتی رکابەرەکەمانەوە هەیە، هەروەها جۆری یاریزانەکانیان و راهێنەرەکەیان. لەبەرئەوە وەک پێشتریش گوتوومە ئێمە ئەمساڵ لە یاریگەی زۆر قورسدا دەرکەوتین، کاری زۆر باشمان کرد و هیوادارم ئەمڕۆش هەمان کار دووبارە بکەینەوە".
 
هەر ئەنجامێک لە یارییەکەدا جگە لە بردنەوە بۆ ئارسیناڵ، ململانێکانی ئەمساڵی پرێمەرلیگ کۆتایی پێدەهێنێت و جارێکی دیکە نازناوی خولەکە دەداتەوە مانچێستەر سیتی، هەر بۆیە پێشبینیکراوە ئارسیناڵ بەگوشاری زۆر و هەموو قورسایی خۆیەوە رووبەڕووی مان یونایتد ببێتەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکدا، کە خەونی بەدەستهێنانی پرێمەرلیگی بەزیندوویی بۆ دەهێڵێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە