رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی تورکیا ئاشکرایانکردووە، یانەی گاڵاتەسەرای تورکی، سەرقاڵی هەژاندنی پرێمەرلیگە، لە رێگەی ئەنجامدانی گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ یەکێک لە ئەستێرەکانی پرێمەرلیگ.
بەپێی سەرچاوەکانی تورکیا، گاڵاتەسەرای کە لە یۆرۆپالیگ بەشدارە و پێشەنگی ریزبەندی خولی نێوخۆی تورکیای گرتووە، دانوستاندنی نهێنی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول دەستپێکردووە.
میدیاکان دەڵێن، گاڵاتەسەرای، دەیەوێت بەخۆڕایی سەڵاح بباتە ریزەکانی و لە بەرامبەردا، مووچەیەکی زۆر بداتێ.
گرێبەستی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا هیچ لایەک دەستپێشخەریی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نەکردووە.
لە نێو چارەنووسی نادیار و تەمومژاویی سەڵاح لەگەڵ یانەکەی، ئەو یاریزانە دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر برایتن، لە هەفتەی پێشووی لە پەیامێکدا بۆ هاندەرانی رێدزی نووسی، "هەستە تایبەتەکەی گۆڵکردن لە نێو ئانفێڵد هەرگیز لەبیر ناکرێت، بەچاوپۆشین لەوەی لە ماوەی داهاتوودا چی روودەدات".
رۆژنامەکانی 'فوتوماک' و 'تورکیا تودەی' ئاشکرایانکردووە، گاڵاتەسەرای بەکردەیی دانوستاندنی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح دەستپێکردووە و یانەکە خۆی بەڕکابەرێکی لێبڕاو دەبینێت، بۆ پەلکێشکردنی ئەو یاریزانە 32 ساڵانە، بۆ ریزەکانی.
ئەو دوو رۆژنامەیە، دووپاتیان لەوەکردووەتەوە کە گاڵاتەسەرای ئامادەیە مووچەی ساڵانەی 20 ملیۆن یۆرۆ بە سەڵاح بدات، جیا لە پاداشتی گرێبەستکردن و یانە تورکییەکە بۆ دەستخستنی ئەو پارەیە، بەڵێنی لە ژمارەیەک سپۆنسەری خۆی وەرگرتووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی تورکیا، گاڵاتەسەرای بەنیازە لە هاوینی داهاتوودا ژمارەیەک یاریزانی مووچە بەرزی بفرۆشێت بۆ زیاتر خۆڕێکخستنەوە لەپێناو هێنانی سەڵاح.
گاڵاتەسەرای، کە ئێستا ڤیکتۆر ئۆسیمینی هێرشبەری نایجیری بەخواستن یاریی بۆ دەکات، دەیەوێت گرێبەستی ئەو یاریزانە بکڕێتەوە و لەگەڵیدا گرێبەست لەگەڵ سەڵاحیش بکات.
محەممەد سەڵاح کە لە 2017ەوە لە لیڤەرپوول یارییدەکات، گۆڵکەری مێژوویی لیڤەرپوولە لە پرێمەرلیگدا و لە 261 یاریدا لەو خولە، کۆی 163 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوولدا هەردوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ