گواردیۆلا لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی وەرزیی نوێدا چی گوت؟

10-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ستایشی کارکردنی ڤینسێنت کۆمپانی لەگەڵ یانەی بێرنلی دەکات و دەڵێت یارییەکەمان زۆر قورس دەبێت.
 
لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، کە رۆژی هەینی کاژێر 22:00 مانچێستەر سیتی بەرامبەر بێرنلی یارییدەکات، گواردیۆلا لەبارەی زۆر پرسی جیاوازەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
پێپ لەبارەی ئەوەی کە دەتوانن لە وەرزی نوێدا جارێکی دیکە سێ نازناو ببەنەوە گوتی "نەخێر پێموانییە بتوانین ئەوە دووبارەبکەینەوە کە وەرزی رابردوو کردمان، لە ژیاندا جارێکە، بۆیە بە یاریزانەکانم گوتووە لەبیری بکەن، وەرزی بەبەرزترین شاخدا سەرکەوتین، بەڵام لە دوو رۆژی کۆتاییدا دەچینە خوارەوەی شاخەکە و لە رۆژی یەکەمەوە دەستپێدەکەین، هەمووان هەمان مەبەستیان هەیە، ئێمە رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆردەبینەوە و دەبێت لە بەرزترین ئاستدابین بۆ سەرکەوتن، بابزانین چی دەبێت."
 
راهێنەری مان سیتی لەبارەی یاریی یەکەمیان لە پرێمەرلیگدا دەڵێت "یارییەکانی سەرەتای وەرز هەمیشە زۆر قورسن، بەتایبەت کە ئەو یانانەی تازەسەرکەوتوون، چونکە هیچیان نییە لەدەستی بدەن و وزە خەونیان هەیە بۆ ئەوەی وەرزێکی باشیان هەبێت، جگە لەوەش ڤینسێنت کۆمپانی ئێمە باش دەناسێت و کارێکی نایاب و بڕواپێنەکراوی ئەنجامدا، پێموایە ئەو کارێکی راست دەکات و وەرزی رابردوو رکابەرییەکانی چامپیۆنزشیپی کوشت."
 
پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو ستایشی زیاتری کارکردنی کاپتنی پێشووی یانەکەی و راهێنەری ئێستای بێرنلی دەکات و دەڵێت "کۆمپانیا شێوازی یارییکردنی بێرنلیی گۆڕی کە ماوەی چەندین ساڵ بوو لەگەڵ شۆن دایش لەسەری راهاتبوو، کەواتە لەوەدا سەرکەوتوو بووە، هێشتا سەردەکەوێت، سەردەکەوێت، هەرچەند لەم رکابەرییەدا زۆر قورسە، شێوازی کۆتایی شێوازی کۆمپانییە، بۆیە کارێکی سەرسوڕهێنەری کرد و دڵنیام کارەکەی بەباشی ئەنجامدەدات، یارییەکەشمان زۆر قورس دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە