رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رەتیکردەوە بیر لە بەدەستهێنانی باڵۆندۆر بکاتەوە و گوتی بەلامەوە سەیرە خەڵک باسی ئەو بابەتە دەکەن.
لیڤا، پێشەوایەتیی بارسیلۆنای کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی 4 - 0 لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە. ئەو دووپاتیکردەوە تیپەکەی باش یارییدەکات.
لیڤا پرسیاری لێکراوە لەبارەی دەنگدان بۆ لامین یامال یان رافینیا لە بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ئەمساڵ، بەڵام رەتیدەکاتەوە ناوی هیچکام لەو دوو یاریزانە ئاشکرا بکات.
لیڤاندۆڤسکی، دەڵێ "نازانم بۆچی خەڵک بەردەوام باسی باڵۆندۆر دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا دەبێ ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ بکەین و چەندین یاریی دیکەمان لە وەرزەکەدا ماوە، ئەوە ئاڵنگارییەکە رووبەڕووی دەبینەوە، نەک شتێکی دیکە".
لەهەمان چوارچێوەدا، لیڤا وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە لەبارەی ئەوەی بۆچی لەدوای گۆڵەکان لەگەڵ لامین ئاهەنگ ناگێڕێت و سەما ناکات؟ ئەو دەڵێ، "سەمای لەگەڵ ناکەم، چونکە ئەوە هێشتا تەمەنی نەبووەتە 18 ساڵ، پێشتر هەمان شتم بەخۆشی گوتووە، تاوەکو نەگاتە تەمەنی پێگەیشتن لەدوای گۆڵەکان سەمای لەگەڵ ناکەم و ئاهەنگی لەگەڵ ناگێڕم".
کاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندا، هەروەها باسی لە تەمەنی خۆی کردووە و دەڵێ، "دەزانم زۆرکەس باسی تەمەنی من دەکەن، بەڵام من هەستدەکەم لە دۆخێکی جەستەیی باشدام و باشتر لەوەی سێ تاوەکو چوار ساڵ لەمەوپێش هەمبوو، لێبڕاوانە کاردەکەم بۆ گەیشتن بەو ئاستەی دەمەوێت".
لیڤا هەروەها دەڵێ، "وێڕای گەیشتنم بە 36 ساڵ تەمەن، ئەزموونم هاوکارمە لە زۆر هەڵوێست و دۆخی جیاوازدا، هەروەها تیپەکە لە یاریگەدا زۆر هاوکارمن و کارەکەم ئاسان دەکەن".
لیڤا ساڵی 2022 پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد، پاش بەجێهێشتنی بایرن میونشنی ئەڵمانی و گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە لە 2026 کۆتایی دێت.
ئەو ئەستێرە پۆڵەندییە لە وەرزی ئەمساڵدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان 40 گۆڵی لە 45 یاریدا تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ