رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بیر لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی گەورە لە پێکهاتەی تیپەکەیدا دەکاتەوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، لەڕێگەی تاوتوێکردنی دەستبەرداربوون لە ژمارەیەک یاریزانی، کە لە پێشەوەیاندا گاڤی و ئەلێخاندرۆ باڵدێ دێن، بە مەبەستی رەخساندنی بۆشایی دارایی بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی گرنگ لە هێڵی بەرگریدا.
کارگێڕیی بارسێلۆنا ئێستا پاڵنەرە بەرەو رۆیشتنی گاڤی لە مێرکاتۆی زستانەدا، دوای ئەوەی ئەلێخاندرۆ باڵدێش یەکێک بوو لەو ناوانەی بۆ جێهێشتنی یانەکە خرابووە روو، ئەمەش لە سایەی خواستی یانەکە بۆ دابینکردنی سەرچاوە داراییە پێویستەکان بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی دواوە.
گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی نوێ لە پێشینەی کارەکانی بارسێلۆنادایە ؛ بە جۆرێک نیکۆ شلۆتەربێکی ئەڵمانی، بەرگریکاری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە پێشەنگی ئەو ئامانجانەدایە کە کارگێڕی هەوڵ دەدات بۆ بەهێزکردنی بەرگری پەلکێشی بکات.
بەڵام دۆخی دارایی یانەکە، بە دیاریکراوی ئەو کۆتوبەندانەی پەیوەستن بە بنمیچی مووچە و یاساکانی یاریی دارایی خاوێن (FFP)، بەربەستن لەبەردەم یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی لەم قەبارەیەدا لە مانگی یەکی داهاتوودا.
کارگێڕیی بارسێلۆنا هەوڵ دەدات چارەسەری دارایی بدۆزێتەوە لەڕێگەی فرۆشتنی هەندێک یاریزانەوە، وەک تاوتوێکردنی قوربانیدان بە باڵدێ و گاڤی بۆ ئەوەی بۆشایی لە بودجەدا بکاتەوە و پێگەی یانەکە لە رووی یاساکانی یاریی دارایی خاوێنەوە باشتر بکات، بە هیوای ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا هەنگاو بنێت بۆ گواستنەوەی شلۆتەربێک.
هەڵوێستی گاڤی سەبارەت بە رۆیشتن یەکێکە لە دیارترین ئەو دۆسێیانەی جێگەی مشتومڕن لەنێو یانە کەتەلۆنییەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی یاریزانەکە بۆ تیپەکە، لە کاتێکدا کارگێڕی هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییەکانی دەستەی هونەری و ئەو کۆتوبەندانەدا بپارێزێت کە رووبەڕووی دەبنەوە.




