ڤیدیۆ؛ هەڵوێستی چوار یانە کوردستانییەکە لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق

10-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
خولی ئەستێرەکانی عێراق
خولی ئەستێرەکانی عێراق
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتاییهاتن، یانە بەشدارەکانی کوردستان لە قۆناخی یەکەمدا بە ئاست و ئەنجامی باشەوە دەرکەوتن و زاخۆ، مێژووییەکی نوێی لە خولەکەدا تۆمارکرد.
 
دوای ئەنجامدانی یارییەکانی گەڕی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ پلەی یەکەمی ریزبەندی قۆناخی یەکەمی خولەکەی مسۆگەرکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی زستانەی خولی عێراق و ئێستا یانەکە پێشەنگی هەموو یانەکانی عێراق.
 
زاخۆ لەم گەڕەدا، بەرامبەر یانەی قاسم یارییکرد، پێشتر زاخۆ 9 یاریی بەرامبەر قاسم ئەنجامدابوو و هیچ یارییەکی لەو یانەیە نەبردبووەوە، بەڵام ئەمجارە تەواو جیاواز بوو.
 
لەنێو نزیکەی 27 هەزار هاندەردا، یانەی زاخۆ لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا، میوانداریی قاسمی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە و مێژوویی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و یارییەکەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
ئەم یارییە بۆ زاخۆ بووە سەرەتای مێژووییەکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەکە بۆ یەکەمجار لە قاسمی بردەوە و بۆ یەکەمجارە لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی نیوەی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، 19 یاریی ئەنجامداوە، خاوەنی 11 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 3 دۆڕاندنە، 38 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
زاخۆ خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و لەم وەرزەی خولەکەدا 36 گۆڵی تۆمارکردووە.
یانەی زاخۆ
 
 
یانەی دهۆک، جیاوازی لە یانە کوردستانییەکانی دیکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یارییەکی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە، بەهۆی ئەوەی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی تەڵەبە، لەبەر بەشداریکردنی دهۆک لە جامی کەنداودا دواخراوە.
 
دهۆک لە گەڕی 19 بەرامبەر یانەی نەفت یارییکرد، لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا یارییەکەی بە گۆڵێکی لوکاس تورسی، بەرگریکاری بەرازیلی بردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
ئەلهویێن چیا، لە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕن، یانەکە لەم وەرزەدا، لە 18 یارییدا 10 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 4 دۆڕانی هەیە، ئێستا دهۆک لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و یارییەکی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە، لە ئەگەری بردنەوەی ئەو یارییەش دهۆک هەلی ئەوەی دەبێت بچێتە پلەی دووەم یان سێیەم.
 
یارییە دواخراوەکەی دهۆک بەرامبەر یانەی تەڵەبەیە.
 
یانەی دهۆک
 
 
یانەی هەولێر، لە دۆخێکی باشدا نییە، دوو یارییە لەسەریەک یانەکە دەدۆڕێنێت و لەدەستدانی خاڵ لەلایەن تیپەکەی سەمیر بابۆ بەردەوامە.
 
هەولێر لە گەڕی 18 لە یاریگەی خۆیدا بە جەوییە دۆڕا و پاشانیش لە سلێمانی لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمدا بەرامبەر یانەی نەورۆز سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
 
قەڵای زەرد، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دوای ئەنجامدانی 19 یاری 8 یاریی بردووەتەوە، لە 4 یارییدا یەکسانبووە و 7 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە هێڵێکی بەرگری خراپی هەیە و 32 گۆڵی لێکراوە کە بە تێکڕای گشتی دەکاتە 1.6 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.
 
یانەی هەولێر
 
یانەی نەورۆز، لە سەرەتای وەرزدا لە دۆخێکی خراپدا بوو، بەڵام دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ قەحتان جسیر واژۆکرد و پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی دایە ئەو راهێنەرە، دۆخی یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ باشترە و لە 6 یاریی رابردوودا نەورۆز هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لە بەسرە بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر مینا تۆمارکرد، یانەکە لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمدا سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا، کاتێک بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی هەولێری بردەوە.
 
نەورۆز بەبردنەوەی لە هەولێر، ژمارەی بردنەوەکانی لەم وەرزەدا لە دوای 19 یاری گەیاندە 7 بردنەوە، 5 جار یەکسانبووە و 7 یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
یانەی نەورۆز
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە