رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی پاڵپشتی لە یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان دەکەن و داوای لابردنی گەمارۆی سەر هاندەرانی یانەکە دەکەن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و گاڵاتەسەرای کە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە میونشن بەڕێوەچوو، هاندەرانی یانەی ئەڵمانییەکە بانەرێکیان بەرزکردەوە و تێیدا داوای لابردنی گەمارۆی سەر یانەی ئامەدسپۆر دەکەن.
هاندەرانی یانە باڤارییەکە لە بانەرەکەیاندا نووسیوویانە "گەمارۆی سەر ئامەدسپۆر هەڵبگرن"، کە مەبەست لێی ئەو گەمارۆیەیە کە خراوەتە سەر هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر کە ماوەی چەندین ساڵە هاندەرانی یانەکەی باکووری کوردستان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ناتوانن لە یاریگەکاندا ئامادەبن و پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
یانەی ئامەدسپۆر پاڵپشتییەکەی هاندەرانی بایرن میونشنی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "سوپاسی بۆ هاندەرانی یانەی بایرن".
#BayernMünih Taraftarından #Galatasaray maçında “ Amedspor'un deplasman yasakları kaldırılsın” pankartı ile deplasman yasaklarımıza tepki!
— AMED SK (@AmedsporSK) November 9, 2023
Vielen Dank an die Fans des FC Bayern München!
Spasî ji bo alîgerên FC Bayern München!
✌🏻🤝🏻🤍❤️💚#Amedspor #BayernMunchen pic.twitter.com/iRkn02bbcO
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووردا یاریی دەکات، ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لە دوای ئەنجامدانی 11 یاری، یانەکە بەبێ هیچ دۆڕانێک و بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.
هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ماوەی حەوت ساڵە مافی ئەوەیان نییە لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، هەرچەند قەدەخەکە هەڵگیراوە، بەڵام بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە.
خولی پلە دووی تورکیا بەبەشداریی 38 یانە بەڕێوەدەچێت، یانەکە کراونەتە دوو کۆمەڵە، کۆمەڵەی سپی و کۆمەڵەی سوور و هەر کۆمەڵەیەک لە 19 یانە پێکدێت.





