چوار یانەی دیکە بۆ قۆناخی 16 سەرکەوتن و مان یونایتد لە لێواری دەرکرانە

09-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لایپزیگ وەك یەکەمین دوو یانەی چامپیۆنزلیگ کورسییەکی قۆناخی 16ـی خولەکەیان بۆخۆیان مسۆگەر کرد، شەوی چوارشەممە هەریەکە لە یانەکانی بایرن میونشن، ریال مەدرید، ئینتەر میلان و ریال سۆسیداد سەرکەوتنیان تۆمار کرد و هاتنە ریزی مان سیتی و لایپزیگ و بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە سەرکەوتن. 
 
گاڵاتەسەرای 1-2 بایرن میونشن 
لە یارییەکی کۆمەڵەی یەکەمدا، بایرن میونشن بووە میوانی گاڵاتەسەرای. سەرەڕای ئەوەی یانە تورکیەکە ئاستێکی باشی پێشکێش کرد و کێشەی زۆری بۆ بایرن دروست کرد، بەڵام بە دوو گۆڵی هاری کەین لە خولەکەکانی 80 و 86ـی یارییەکەدا بایرن میونشن توانی پێشبکەوێت. دواتر لە خولەکی 93 سێدریك باکامبو توانی گۆڵێ یەکەم بۆ گاڵاتەسەرای تۆمار بکات و جیاوازییەکە کەم بکاتەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی بایرن میونشن کۆتایی هات. بەم بردنەوەیە یانە باڤارییەکە کۆی خاڵەکانی بۆ 12 خاڵ بەرزکردەوە و لە چوار یاریدا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد.
 
ریال مەدرید 3-0 براگا
لەدوای ئەوەی کێپا ئاریزابالاگای گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید لە راهێنانەکانی پێش یارییەکەدا تووشی پێکان بوو، لونینـی گۆڵپارێزی دووەم شوێنی گرتەوە و توانی لە خولەکی شەشی یارییەکەدا لێدانێکی سزای براگا بگەڕێنێتەوە. دواتر براگا باجی لەدەستدانی لێدانە سزاکەی دا کاتێك لە خولەکی 26 براهیم دیاز گۆڵی یەکەمی بۆ ریال مەدرید تۆمار کرد. پاشان هەریەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ لە خولەکەکانی 58 و 61 دوو گۆڵی دیکەیان تۆمار کرد  و یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 لە بەرژەوەندی یانەی شاهانە کۆتایی هات. بەهەمان شێوەی بایرن میونشن، ریال مەدرید سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکەی بردووەتەوە و بە 12 خاڵ سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ـی خولەکە. 
 
ساڵزبۆرگ 0-1 ئینتەرمیلان
یانەی ئینتەرمیلان لە یاریگەی رێد بوڵ ئارێنا بووە میوانی ساڵزبۆرگ و یارییەکەی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لێ بردەوە. هەردوو یانە ئاستیان لەیەکەوە نزیك بوو و توانیان چەندین هەلی مەترسیدار دروست بکەن بەڵام هیچ لایەکیان سەرکەوتوو نەبوون، تاکو لە خولەکی 85ـی یارییەکە لاوتارۆ مارتینێز بە لێدانی سزا توانی گۆڵی یەکەم بۆ ئینتەر تۆمار بکات و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات. ئینتەر میلان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە چوار یاریدا سێ بردنەوە و یەکسان بوونێکی هەیە و بە 10 خاڵ سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ـی خولەکە.
 
ریال سۆسیداد 3-1 بێنفیکا
لە ماوەی 21 خولەکدا ریال سۆسیداد توانی سێ گۆڵ لە بێنفیکا تۆمار بکات و لە کۆمەڵەکەیدا بۆ سێیەم یاری لەسەریەك بردنەوە بەدەستبێنێت. ریال سۆسیداد بەبە‌هێزی دەستی پێکرد و توانی لە رێگەی هەریەکە لە میکێل مێرینۆ و ئۆیارزابال دوو گۆڵ تۆمار بکات. دواتر لە خولەکی 21ـی یارییەکە سۆسیداد گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆمار کرد. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای گێمی دووەمدا رافا سیلڤا گۆڵێکی بۆ بێنفیکا تۆمار کرد و جیاوازییەکەی کەم کردەوە، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی یانەکەی لە دۆران رزگار بکات و بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی کرد.

 

ریال سۆسیداد لە هەمان کۆمەڵەی ئینتەر میلانە و بەهەمان شێوەی ئەو لە چوار یاریدا سێ بردنەوە و یەکسان بوونێکی هەیە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردوە. دوای سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو، هەردوو یانە شەڕی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان دەدەن. 
 
کۆپنهاگن 4-3 مانچێستەر یونایتد
لە یارییەکی دراماتیکیدا مانچێستەر یونایتد بووە میوانی کۆپنهاگن و یارییەکەی بە ئەنجامی 4-3 پێ دۆڕاند. راسمۆس هۆیلاندی ‌هێرشبەری مان یونایتد توانی لە خولەکی سێی یارییەکەدا گۆڵی یەکەم دژی تیپە کۆنەکەی تۆمار بکات و مان یونایتد پێش بخات. دواتر لە خولەکی 28 جارێکی دیکە هۆیلاند گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمار کرد. مان یونایتد ئاستێکی باشی پێشکێش دەکرد بەڵام لە خولەکی 42ـی یارییەکەدا هەموو شتێك گۆڕا کاتێك مارکۆس راشفۆرد بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و سوور پۆشەکانی مانچێستەر ناچار بوون بە 10 یاریزانەوە یارییەکە تەواو بکەن. نەهامەتییەکانی مان یونایتد درێژەی کێشا و هەر پێش تەواو بوونی گێمی یەکەم لە خولەکەکانی 45 و 49 کۆپنهاگن توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
 
دواتر لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 69ـی یارییەکە، ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ مان یونایتد هەژمار کرد و برونۆ فێرناندێسی کاپتنی یانەکە توانی جارێکی دیکە مان یونایتد پێش بخات. ئەنجامەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تاکو لە خولەکی 83ـدا لوکاس لێرایار توانی گۆڵی یەکسان بوون بۆ کۆپنهاگن تۆمار بکات. کۆپنهاگن لە هێرشبردن بەردەوام بوون و لە خولەکی 87ـی یارییەکە توانیان گۆڵی چوارەم تۆمار بکەن و یارییەکە بە ئەنجامی 4-3 لە بەرژەوەندی کۆپنهاگن کۆتایی هات. بەم دۆڕانە، مان یونایتد هاتە پلەی کۆتایی ریزبەندی و دەبێت لەو دوو یاریەی ماویەتی شەڕی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بکات. سەبارەت بە کۆپنهاگن، یانەکە بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی بۆ چوار خاڵ بەرز کردەوە و لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دێت. 
 
ئارسیناڵ 2-0 سێڤییا 
لە یاریگەی ئیمارات، یانەی ئارسیناڵ میوانداری سێڤییای کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لێبردەوە. ئارسیناڵ بە بەهێزی دەستی پێکرد و چەندین هەلی مەترسیداریان دروست کرد تاکو لە خولەکی 29ـی یارییەکە، لیاندرۆ ترۆسارد گۆڵی یەکەمی یانە لەندەنییەکەی تۆمار کرد. گەنەرس لە ئاستە باشەکەیان بەردەوام بوون و لە خولەکی 64 بوکایۆ ساکا گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات. بەم بردنەوەیە ئارسیناڵ کۆی خاڵەکانی بۆ نۆ خاڵ بەرزکردەوە و چانسی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو زیاد کرد، هەرچی سێڤییایە، یانەکە تەنیا دوو خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی کۆمەڵەکەی دێت. 
 
ئایندهۆڤن 1-0 لانس
لە یارییەکی دیکەدا، ئایندهۆڤن میوانداری لانسـی کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێوەڵام لێبردەوە. ئایندهۆڤن بەباشی دەستی بە یارییەکە کرد و لە خولەکی 12ـی یارییەکە لە رێگەی لوك دیۆنگ توانی گۆڵی یەکەم تۆمار بکات. دواتر هەردوو یانە بەردەوام بوون لە دروستکردنی هەلی مەترسیدار بەڵام هیچ لایەکیان سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی گۆڵی تیپی بەرامبەر و یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 لە بەرژەوەندی یانە هۆڵەندییەکە کۆتایی هات. بەم دۆڕانە لانس دابەزییە پلەی سێیەمی ریزبەندی و کۆی خاڵەکانی لەگەڵ ئایندهۆڤن یەکسانە بەڵام یانە هۆڵەندییەکە بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت. 
 
ناپۆلی 1-1 یونیۆن بەرلین 
ناپۆلی لە یاریگەی دێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا میوانداری یونیۆن بەرلینی دوا پلەی ریزبەندی کرد. ناپۆلی بە هێرشبردن دەستی پێکرد و دوای دروستکردنی چەندین هەلی مەترسیدار لە خولەکی 39ـی یارییەکە ماتیۆ پۆلیتانۆ توانی گۆڵی یەکەم بۆ یانەکەی تۆمار بکات. دواتر لە گێمی دووەمدا، داڤید فۆفانا توانی گۆڵی یەکسان بوون بۆ یونیۆن بەرلین تۆمار بکات و یانەکەی لە 13ـەمین شكست لەسەریەك رزگار کرد. ناپۆلی بە حەوت خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت و یونیۆن بەرلین بە تەنیا خاڵێك لە کۆتا پلەی کۆمەڵەکەی دێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.