ئێمباپێ بە 4 ساڵ خۆشەویستیی 10 ملیۆن فەرەنسی لەدەستداوە

09-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ فەرەنسییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپرسییەکی نوێ، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، بەم دواییە بە رێژەیەکی بەرچاو خۆشەویستی و نێوبانگی لە فەرەنسا لەدەستداوە. تەنانەت ئەو راپرسییە دەریدەخات کە ئێمباپێ خۆشەویستیی 10 ملیۆن فەرەنسی لەدەستداوە.
 
پەیمانگای ئۆدۆکسەی فەرەنسی، کە تایبەتە بە راپرسییەکان، لەم ماوەیەی دواییدا زیاتر لە راپرسییەکی سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێ ئەنجامداوە، کە ئەنجامەکانیان دەریدەخەن کە نێوبانگ و سەرسامبوون بە کەسایەتییەکەی لەنێو خەڵکی فەرەنسادا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
 
دوایین راپرسی ئەو پەیمانگایەی پسپۆڕ لە بواری راپرسی لەسەر ئێمباپێ، دەریخستووە کە رێژەی هاوسۆزیی گشتی لە وڵاتی فەرەنسا لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ لە نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2023 لە 80% بۆ 70% کەمیکردووە. واتا نزیکەی 10 ملیۆن فەرەنسی وەک پێشتر کیلیانیان خۆش ناوێ.
 
هەر لە هەمان چوارچێوەدا لە راپرسییەکی دیکەدا دەرکەوتووە کە جەماوەری فەرەنسا بەشێوەیەکی بەرچاو گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئێمباپێ بەهیچ شێوەیەک خاکەڕایی  نییە، بەو پێیەی رێژەی ئەوانەی باوەڕیان بە خاکەڕایی ئەو هەیە لە 2019 تاوەکو 2023  لە 66% بۆ تەنیا 45% دابەزیوە.
 
واتا رێژەکە بە رێژەی 21% کەمیکردووە لە ماوەی تەنیا 4 ساڵدا، بەهۆی چەند هەڵوێست و لێدوانێکەوە کە هێرشبەرە نێودەوڵەتییەکە لەم دواییانەدا نیشانیداون، لەوانەش هەڵوێستەکەی لەسەر کوشتنی نائلی گەنج لە لایەن پۆلیسێکەوە، کە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی لە فەرەنسا لێکەوتەوە و ئێمباپێ کە بانگەوازێکدا داوای لە خەڵک کرد ئارام بگرن و لە ئاژاوەگێڕیی دوورکەونەوە.
 
راپرسییەکە دووپاتی دەکاتەوە کە گرنگی کیلیان ئێمباپێ بۆ گەلی فەرەنسا لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، سەرەڕای درەوشاوەیی لە یاریگەدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان و بردنەوەی نازناوی خولی ناوخۆیی، هەروەها بەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکار و باشترین یاریزانی خولەکە.
 
جگە لەوەش ئێمباپێ سەرکەوتوو بوو لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2022 لە قەتەر و بوون بە گۆڵکاری مۆندیال بە تۆمارکردن 8 گۆڵ، بەڵام نازناوەکەی بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی لەدەستدا.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەگەر کیلیان ئێمباپێ یانەکەی پایتەختی فەرەنسا جێبهێڵێت و بچێتە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە دڵنیاییەوە خۆشەویستیی بەشێکی دیکەی فەرەنسییەکان لەدەست دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).