بەرازیل نزیکە لە دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ

09-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وردەکاریی نوێ لەبارەی ئەگەری دەستنیشانکردنی خۆرخی جیسۆس بەڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل لە میدیاکاندا ئاشکراکران و سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئەو راهێنەرە نزیکە لە وەرگرتنی مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
جیسۆس، راهێنەری یانەی هیلالی سعودیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەوڵدەدات رازی بکات بەوەرگرتنی مەشقدانی سیلیساو، لە شوێنی دۆریڤال جۆنیۆر، کە پاش شکستی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئەرجەنتین، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەکارەکەی دوورخرایەوە.
 
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، جیسۆس رازیبووە بەوەی دەست لە مەشقدانی یانەی هیلالی سعودی هەڵبگرێت و لەگەڵی لە مۆندیالی یانەکان بەردەوام نەبێت کە بڕیارە ئەو پاڵەوانێتییە، هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
 
میدیاکان دەڵێن، جیسۆس لە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی سعودیە، یانەکە بەجێدە‌هێڵێت.
 
جیسۆس بڕیاریداوە لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی سعودیە و رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا کە 26ی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتایی دێت، بەفەری داوای بەجێهێشتنی پۆستەکەی لە یانەی هیلال بکات.
 
ئەو هەنگاوەی جیسۆس، سەرەتایەک دەبێت بۆ ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، ئامانجەکەی بپێکێت کە دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرازیل.
 
بەرازیلییەکان دەیانەوێت بەر لە دوو گەڕی داهاتووی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، کە رۆژانی 5 و 9ی مانگی حەوتی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن و بەرازیل بەرامبەر هەریەکە لە ئیکوادۆر و پاراگوای یارییدەکات، رێوشوێنەکانی دەستنیشانکردنی جیسۆس بەڕاهێنەری نوێی بەرازیل، کۆتایی هاتبێت.
 
پێشتر، ئێدنالدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، ئاشکرایکردبوو کە ناوی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە، بەر لە راگەیاندنی لیستی یاریزانان بۆ دوو یاریی داهاتوو لە پاڵاوتنەکان ئاشکرا دەکرێت.
 
خۆرخی جیسۆسی پۆرتوگالی، تەمەنی 70 ساڵە، ئەزموونێکی دوورودرێژی لە مەشقداندا هەیە، پێشتر سەرپەرشتی یانەکانی ڤیتۆریا گیمارایش، سپۆرتینگ، هیلال، فلامینگۆ، بێنفیکا و فەنەرباهچەی کردووە.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، جیسۆس دەستەوارەی فەرمیی پێشکێش نەکراوە، بەڵام ئەو راهێنەرە بەبەربژێری هەرە نزیک دادەنرێت بۆ مەشقدانی بەرازیل و میدیاکان لەئێستاوە بەراهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە دەیناسێنن.
 
ئەوەی ئاسانکاریی بۆ چوونە دەرەوەی جیسۆس لە یانەی هیلال دەکات، ئەوەیە کە ئەو راهێنەرە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو لە دۆخێکی باشدا نییە. سامبا لە 14 یاریدا تەنیا شەش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی کیشوەرەکەدایە بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە