چاڤی هێرناندێز: سەرۆکی بارسێلۆنا درۆ ناکات

08-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لەبارەی ئێستا و داهاتووی تیپەکەیەوە قسەیکرد و باسی لە شکستی گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە کرد.
 
چاڤی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "باوەڕم بەوە نییە کە دەڵێن هەمیشە بەشی دووەمی چیرۆکەکە خراپ دەبێت، گەڕانەوەی مێسی وا نەدەبوو، چونکە ئەو یاریزانێکی مەزنە و ئەگەر بگەڕایەتەوە، وامدەکرد جارێکی دیکە بەشێوەیەکی جیاواز لە بارسێلۆنا بچێتە دەرەوە".
 
چاڤی هەروەها دەڵێ، "خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا کەسێکی جێگەی متمانەیە، ئەو هەرگیز درۆی نەکردووە و هەموو وردەکارییەکی پێگوتم، هەست بە پشتگیری گەورەی ئەو دەکەم، ئەو سەرکردەی پڕۆژەکەیە و هەموو کات لە دۆخە قورسەکاندا، لەگەڵمدایە".
 
مێسی لە دوای راگەیاندنی پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەر مەیامییەوە گوتی، "بارسێلۆنا تەنیا پێشنیازی هەبوو، بەڵام دەستەوارەی فەرمیی پێشکێش نەکرد، من دڵنیام لەوەی هەندێک کەس لە یانەکەدا هەبوون نەیاندەویست من بگەڕێمەوە بارسێلۆنا".
 
لە وەڵامی قسەکانی مێسیدا، بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا گوتی، "رۆژی پێنجی مانگی شەش، خۆرخی مێسی باوکی بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی راگەیاند، کە کوڕەکەی بڕیاریداوە بچێتە ئینتەر مەیامی، هەرچەندە ئێمە دەستەوارەمان پێشکێش کردبوو".
 
چاڤی دەڵێ، "لەدوای بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانییەوە، خەڵک وا تەماشای من دەکەن کە لە راهێنەرێک زیاترم، ئەوان من وەک پاڵەوان دەبینن".
 
لەبارەی بەراوردکردنییەوە بە گواردیۆلا، راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "بەراوردکردن باشە، لەوە تێدەگەم کە خەڵک بەراوردم دەکەن بە باشترین راهێنەری 25 ساڵی رابردوو، بەڵام ئەو بەراوردە من دەخاتە ژێر گوشارەوە".
 
چاڤی دەڵێ، تیپەکەمان توانای رکابەریکردنی باشی لە چامپیۆنزلیگدا هەیە، هەوڵی بردنەوەی نازناوەکە دەدەین، بە یاریزانەکانم گوت کە چیدی قبووڵکراو نییە ئێمە لە خولێکی دیکەی بچووکتر یاریی بکەین.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەداوای لێبوردنەوە، بەڵام دەبێ ئەوە بڵێم کە بارسا بۆ ئەوە دروستنەبووە تاوەکو لە یۆرۆلیگ یاریی بکات، ئەوە یاریزانان و هاندەران پاڵدەنێت بۆ ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا باشتر دەربکەون".
 
چاڤی هەڵوەستەی لەسەر پێویستییەکانی تیپەکەی کردووە لە بازاڕی گواستنەوەدا و دەڵێ، "پێویستیم بە یاریزانێکی ناوەڕاستی هاوشێوەی بۆسکێس هەیە، رۆیشتنی ئەو بووەتە سەرئێشە بۆم، هەروەها دەمانەوێت گرێبەست لەگەڵ پلەی مەیکەرێک بکەین، روونیشە کە بەرگریکەری باڵی راستمان دەوێت، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە بودجەی یانەکەمان چەندە، هەروەها کوندێش بەباشی لەوێدا یاریی دەکات، ئەگەرچی ئێمە ئەومان بۆ ئەوە نەهێناوە لەو شوێنەدا یاریی بکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە