بارسێلۆنا وەک ریال مەدرید دەکات و هەڕەشەی لادانی تێباس لە پۆستەکەی دەکات

08-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا خاڤیێر تێباس یانەی ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، لێکۆڵینەوە لە هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی خاڤیێر تێباس لە سەرۆکایەتی دەستەی لالیگا دەکات و کارەکەش لە رێگەی لادانی ئەو سەرۆکە لە دەسەڵاتەکانی دەکات.
 
لەماوەی رابردوودا خاڤیێر تێباس، لەبارەی تۆمارکردنی دانی ئۆڵمۆ و پاو ڤیکتۆری یاریزانانی بارسێلۆنا لە لیستی یانەکە بۆ بەشی دووەمی وەرز، چەند جارێک سکاڵای تۆمارکرد و یانەی بارسێلۆنا پەنای بۆ ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا برد لەپێناو تۆمارکردنی ئەو دوو یاریزانە.
 
ئەگەرچی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا هەردوو یاریزانەکەی لە لیستی یانەکەدا تۆمارکرد، بەڵام دەستەی لالیگا لە رێگەی تێباسەوە، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، کارەکە نایاساییە و لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە، تۆمارکرد.
 
یانەی بارسیلۆنا هەڵەیەکی تێباسی لەماوەی رابردوودا دەستنیشانکردووە و بەنیازە بەهۆیەوە سکاڵا لەو سەرۆکە بکات و بەهۆیەوە کار بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بکات.
 
سەرچاوە نزیکەکان لە بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، یانەکە سەرنجیداوە کە تێباس لە بڵاوکراوەی فەرمیی دەستەی لالیگادا لەبارەی وردەکارییە داراییەکانی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی فرۆشتنی کورسییەکانی ڤی ئای پی، لە یاریگەی نوێی کامپ نو، زانیاریی زۆری بۆ میدیاکان ئاشکراکردووە، لە کاتێکدا ئەوە کارێکی رێگەپێدراونییە، چونکە زانیاریی نهێنی لەبارەی دارایی یانەکەوە تێدایە.
 
میگۆلان گالان، پسپۆری یاسای وەرزشی لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، ئەوەی تێباس کردوویەتی، دەکرێ پێشێلکارییەکی تووند و گەورەی یاساکانە و دەکرێ بیگەیەنێتە دۆخی دوورخستنەوە لە پۆستەکەی.
 
بارسێلۆنا بەنیازە بەپشتبەستن بەیاسای ژمارە 5ی ئامادەکاریی بوودجە لە لالیگا، کە تێیدا هاتووە، زانیاری و داتاکان و دۆکۆمێنتەکان کە یانە و کۆمپانیا وەرزشییەکان، دەیدەنە دەستەی لالیگا دەبێ بەنهێنی بمێننەوە و پارێزراوبن، سکاڵاکەی تۆمار بکات.
 
بارسێلۆنا دووپاتیدەکاتەوە کە رەزامەندیی بەتێباس و دەستەی لالیگا نەداوە لەوەی زانیاری و داتاکانی یانەکە کە لە راپۆرتی داراییدا داویەتی بەدەستەی لالیگا، بڵاوبکرێتەوە و بەوەش دەستەکە یاسای پێشێل کردووە.
 
یاسای وەرزشی ئیسپانیا، وایداناوە کە ئەو جۆرە کارانە ئەگەر روویاندا، لادانی مەترسیدارن لەلایەن سەرۆک و بەڕێوەبەری دەستە و خولەکانەوە ئەنجامدەدرێن و پێشێلی گەورەن، چونکە پەیوەستن بە نەپاراستنی زانیاریی و سیستمەکان.
 
گالان وایداناوە کە تێباس، پێشتر لەلایەن دادگای کارگێڕیی وەرزشی ئیسپانیاوە بەئاشکرا هۆشداری پێدراوە، لەسەر سکاڵایەکی یانەی ریال مەدرید و ئەگەر ئەمجارە بارسێلۆنا سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، دەکرێ لەلایەن دادگاوە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
 
بارسێلۆنا پێیوایە ئەو بڵاوکراوەیەی لالیگا رایگەیاندبوو، تەنیا لادان بووە لەو بنەما نهێنیی پارێزییانەی رێکەوتنی لەسەرکراوە و ئەوەش بووەتە هۆکاری بەرپاکردنی هەڵمەتێکی ناوبانگ زڕاندن بەرامبەر یانەکە لە میدیاکاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە