رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەجێهێشتنی یانەکەوە لە هاوینی داهاتوودا ئاشکراکردووە.
پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، بابەتی رەگەزپەرستی و ئەوەی لە ئیسپانیا رووبەڕووی دەبێتەوە، وایکردووە ئەو یاریزانە بیر لە رۆیشتن لە ریال مەدرید بکاتەوە، بەتایبەت کە پێیوایە یانەکەی وەک پێویست پشتگیری ناکەن.
هەندێک سەرچاوە لە رۆژانی رابردوودا ئاشکرایانکردبوو، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، وەک تۆڵە لە رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید، کە پێشبینیکراوە هاوینی ئەمساڵ رووبدات، هەروەها بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناخی پاش ئێمباپێ، بڕیاریداوە 200 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
میدیای ئیسپانی ئاشکرایانکردووە، هەڵوێستی ڤینی لەبارەی دەستەوارەکانی چوونە دەرەوە لە ریال مەدرید روونن، ئەو ئامادەنییە گوێ لەدەستەوارەی هیچ یانەیەک بگرێت و دەیەوێت لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، تەنانەت نە ریال مەدرید، نە ڤینیسیۆس و نە تیمەکەی، بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەبارەی دەستەوارە پاریسییەکەوە ناکەن.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان روونیانکردووەتەوە، ئەو یاریزانە بەرازیلییە، دووپاتیکردووەتەوە "هەست بەبایەخ و گرنگیی خۆی لە ریال مەدرید دەکات و دەزانێ کە تاکە شوێن بۆ ئەو مەدریدە تاوەکو بتوانێ بگاتە ئامانجەکانی و ریال مەدریدیش هەمان هەستیان بەرامبەر یاریزانەکە هەیە".
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید هیچ گومانی لەوە نییە کە دۆخی ڤینی لە یانەکەیدا جێگیرە و بەلایەوە گرنگ نییە، چەندە دەستەوارەی گرانبەهای پێشکێش بکرێت، چونکە دڵنیایە لە دڵسۆزیی ڤینی بۆ ریال مەدرید".
ریال مەدرید لە گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەبڕی یەک ملیار یۆرۆ دەستنیشانکردووە و بەو پێیەش، هەر یانەیەک بیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، دەبێ ئەو بڕە پارەیە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ