رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئەمریکای بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا، دوای ئەوەی زۆرترین دەنگی لە پڕۆسەی دەستنیشانکردنی باشترین یاریزاندا بردەوە.
لە یاریگەی یانەی ئینتەرمەیامی زیاتر لە 250 یاریزانی ئەکادیمیای یانەکە کۆبوونەوە و بە پیتی ئێم ڤی پی، لیۆنێل مێسی وەکو باشترین یاریزانی خولی ئەمریکایان راگەیاند.
مێسی چووە نێو یاریگە و سڵاوی لە هەموو ئەو فێرخوازانەی ئەکادیمیای یانەکەی کرد و بە ئامادەبووانی گوت، شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە لەگەڵ ئێوە ئەم خەڵاتە وەردەگرم.
لیۆ بە فێرخوازەکانی گوت شانازیتان پێوەدەکەم و دڵخۆشم لەم شارە و لەم یانەیە کە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و بەختم هەیە کە ئێوە دەبینم و لە نزیکەوە ئێوەم ناسیووە.
مێسی ئەمە جاری یەکەمە وەکو باشترین یاریزانی خولی ئەمریکا دەستنیشان دەکرێت و لە رکابەرییەکە پێش کروکۆچۆ هێرناندێزی هێرشبەری یانەی کۆڵۆمبۆس کەوت، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی 21 گۆڵی تۆمارکرد و 11 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد و لەگەڵ یانەکە قەڵخانی هاندەرانی بەدەستهێنا.
کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، لە دوای دەستنیشانکردنی بەباشترین یاریزانی خولەکە، دووپاتیکردەوە هەوڵ و قوربانیدان، لە کۆتاییدا پاداشتدەکرێنەوە، هیوای خواست وەرزی داهاتوو تیپەکەی پاڵەوانی خولی ئەمریکا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ