چاڤی و گاڤی ناهێڵن هێرشبەرە نوێیەکەی بارسا بگات

07-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێز گاڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێ گەیشتنی ڤیکتۆر رۆکی، هێرشبەری نوێی یانەی بارسێلۆنا بۆ یانەکە دووچاری تەنگژە ببێتەوە و هاتنەکەی دوا بکەوێت.
 
بارسێلۆنا هاوینی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ ڤیکتۆر رۆکی هێرشبەری بەهرەمەندی بەرازیلیی یانەی ئاتلێتیکۆ پارانێسی بەرازیلی کردووە و دەیەوێت ئەو هێرشبەرە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بباتە ریزەکانییەوە.
 
گرێبەستەکەی بارسا لەگەڵ رۆکی بڕی 31 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە کەوتووە، هەمان بڕە پارەش وەک پاداشت و گۆڕانکاری لە گرێبەستی ئەو یاریزانەدا دانراوە و هەردوو یانە رێککەوتوون لەسەرئەوەی ئەو هێرشبەرە لە زستانی ئەمساڵ، یان هاوینی داهاتوودا بچێتە یانە کەتەلۆنییەکە.
 
سەرچاوەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، چاڤی هێرناندێز داوایکردبوو لە زستاندا رۆکی بچێتە ریزەکانی بارسا، بەڵام هەر خۆی بووەتە رێگر لە هاتنی ئەو هێرشبەرە.
 
بەپێی میدیاکان، کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا رێگرن لە چوونی یاریزانەکە بۆ یانەکە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، چونکە بارسا کێشەی لە بنمیچی مووچەی رێگەپێدراو و یاساکانی یاریی خاوێن هەیە، بەتایبەت کە ئێستا و بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانەش ناتوانێ یاریزانی نوێ لە پێکهاتەکەیدا تۆمار بکات.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، نوێکردنەوەی گرێبەستی چاڤی هێرناندێز و دەستەی یاریدەدەرەکانی، لەگەڵ ئالیخاندرۆ بالدی و لامین یامال، گەیشتنی رۆکی بە بارسێلۆنا قورسکردووە.
 
جیا لەوەش بارسا سەرقاڵی جێبەجێکردنی بنەمای دوو بەیەکە، کە مانای ئەوەیە بۆ هەر پارەیەک کە خەرجی دەکات، دەبێ بڕی دوو ئەوەندەی هەمان بڕە پارەی داهات هەبێت.
 
بەپێی دۆخی ڤیکتۆر رۆکی لەگەڵ یانەکەدا، بۆ شەش مانگی کۆتایی وەرزی ئەمساڵ لە دوای سەری ساڵەوە، بارسێلۆنا دەبێ بڕی چوار ملیۆن یۆرۆ لە نێوان خەرجیی و واژۆکردنی گرێبەستەکەیدا خەرج بکات و هەر لەبەرئەوەش، دەبێ یانەکە داهاتێکی بەبڕی دوو ئەوەندەی ئەو پارەیە بەدەستهێنابێت، تاوەکو رێگەی پێبدرێت ئەو هێرشبەرە لە پێکهاتەکەیدا تۆمار بکات.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەرەتای ساڵی داهاتووشدا، بارسێلۆنا بەنیازنییە دەستبەرداری هیچکام لەو یاریزانانە بێت کە ئێستا لە لیستی یانەکەدان و ژمارەیان تەنیا 19 یاریزانە.
 
بەپێی سەرچاوەکان، پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستی گاڤی، یاریزانی ناوەڕاستی یانەکە، لای کارگێڕیی یانەکە پێشینەی هەموو کارەکانە و ئەوەش وا دەکات هاتنی رۆکی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، مەحاڵ بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە