کرم لە نێو خواردنی یاریزانانی ئۆڵیمپیاددا دۆزراوەتەوە

07-08-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی پاریس 2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئادەم پیتی، مەلەزانی بەریتانی ئاشکرایکردووە وەرزشوانانی بەشداربووی ئۆڵیمپیادی پاریس کرمیان لەنێو خۆراکی رۆژانەیاندا دۆزیوەتەوە، ئەو دەڵێ، خۆراکی گوندی ئۆڵیمپی زۆر خراپە.
 
گوندی ئۆڵیمپی، ناوچەی تەرخانکراوە بۆ وەرزشڤانە بەشدارەکانی ئۆڵیمپیاد تاوەکو بەدرێژایی ماوەی چالاکییە وەرزشییەکە تێیدا بمێننەوە و خۆراک و ژووری حەوانەوە و هەموو پێداویستییەکی دیکە بۆ ئەوان لە گوندەکەدا دابینکراوە.
 
پیتی کە پێشتر شەش میدالیای لە ئۆڵیمپیاد بەدەستهێناوە، گوتوویەتی بڕی خۆراکی تەرخانکراو بۆ وەرزشوانان زۆر کەمە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستیان دەبێت لە کاتی رکابەرییەکاندا.
 
پیتی قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، خۆراکی گوندی ئۆڵیمپی لەئاستی ویستی وەرزشواناندا نییە و ئەوەش هۆکارە بۆ خراپیی ئاستی ئەوان لە رکابەرییەکاندا، ئێمە پێویستمان بەخۆراکێکی نموونەیی باشتر هەیە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ خواردن زۆرباشبوو، لە ریۆش بەهەمان شێوە. بەڵام ئەمجارە؟ نەخێر، چونکە بژاردەی زۆرمان لەبەردەستدا نییە بۆ هەڵبژاردنی جۆری خواردن، هەروەها پڕۆتینی پێویست لەخۆراکەکاندا نییە، دەبێ سەرەی دوورودرێژ بگریت تاوەکو خواردن وەردەگریت، هەندێکجار 30 خولەکت پێویستە بۆ وەرگرتنی خواردن، چونکە سیستمێک بۆ پێدانی خواردن دانەنراوە.
 
بەرپرسانی ئۆڵیمپیادی پاریس کاریاندەکرد بۆ ئەوەی 60 لەسەدی خۆراکی وەرزشوانەکان لە هەموو ژەمەکاندا گۆشتی تێدا نەبێت و سێ بەشی رووەکی بێت، بەڵام وەک پیتی دەڵێ، ئەو کارە سەرکەوتوو نەبوو.
 
ئەو بەتووڕییەوە دەڵێ، بەزۆر ئەوەیان بەسەرماندا سەپاندووە کە ئێمە ئاژەڵ بپارێزین. من گۆشتم دەوێت و پێویستم بەگۆشتە بۆئەوەی ئاستی پێویستی خۆم پێشکێش بکەم، من لە ماڵەکەی خۆمدا تەنیا گۆشت دەخۆم، ئیدی بۆچی دەبێ لێرە بەزۆر سیستمی خواردنەکەم بگۆڕم؟
 
پیتی زیاتر دەڵێ من حەزم لە جۆرە ماسییەکی تایبەتە، لەجیاتی ئەوە لێرە لە نێو ژەمە ماسییەکاندا کرم دەدۆزیتەوە، ئێمە باسی باشترین وەرزشوانەکانی جیهان دەکەین کەچی بەپێی پێویست خۆراکیان نادرێتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە