دوو یاریزانی کورد لە خولی بەلجیکا بوونەتە پیشەگەر

07-07-2023
 جوان حەمۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و وەلات جاگرۆ، یاریزانی تۆپی پێ بەشدارییان لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد
جوان حەمۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و وەلات جاگرۆ، یاریزانی تۆپی پێ بەشدارییان لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو گەنجی کورد بەشێوەی پرۆفیشناڵ لەنێو دونیای تۆپی پێی بەلجیکا و یەکێتیی ئەوروپادا ناوێکی دیاریان پەیداکردووە. کوردی دیاسپۆرا لە زۆر بواردا لەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێ بوون، بوونەتە ناوی ناسراو، بەڵام لە بواری تۆپی پێدا کارەکە سەختترە. 
 
لە سوێد یانەی دالکورد توانی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ یانەیەکی ناسراو بێت. لە وڵاتانی دیکە هەندێک یانە هەن کە لە ئاستی خوارەوە ناسراون. یاریزانی تۆپی پێی کوردی دیاسپۆرانشینش کەمن کە لە دونیادا دەنگیان دابێتەوە. 
 
جوان حەمۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و وەلات جاگرۆ، یاریزانی تۆپی پێ بەشدارییان لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد. جوان حەمۆ رایگەیاند، وەلات چاغرۆ ئێستا یاریزانی یانەی بێرشخۆتی بەلجیکییە و گوتی، "ماوەی دوو هەفتەیە گرێبەستی لەگەڵ یانەی بێرشخۆتی بەلجیکی کردووە بە گرێبەستی 300 هەزار یۆرۆ".
 
جوان حەمۆ ماوەی نۆ ساڵ یاریزانی تۆپی پێ بووە لە بەلجیکا، هەروەها یاریزانی یانەی دالکورد بووە لە سوێد و توانیویەتی لەگەڵ هاوڕێکانی یانەکە لە پلەی سێیەم سەربخەن بۆ پلەی دووەمی سوێد.
 
جوان حەمۆ خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی کاری دۆزینەوە و گواستنەوەی یاریزانانە لەنێوان یانەکان و دەڵێت، "سێ ساڵ لای بەڕێوەبەرێکی وەرزشی کارمکرد و دوای ئەوەی هەستم بە تواناکانم کرد کە دەتوانم ئەو کارە بکەم، ئیتر بڕیارمدا دەستپێبکەم و ئێستا بەڕێوەبەری وەرزشییم".
 
وەلات چاغرۆ ئێستا یاریزانی پیشەگەرە لە خولی پلەیەکی بەلجیکی و گوتی، "من خەڵکی شاری مێردینی باکووری کوردستانم و لە بەلجیکا گەورەبووم، هەر لە منداڵییەوە خولیای یاریکردنم هەبوو، دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیم لە خولی پلە یەکی هۆڵەندی یاریبکەم و ماوەی دوو هەفتەشە لە رێگەی جوان حەمۆوە پەیوەندیم بە یانەی بێرشخۆتی بەلجیکییەوە کرد و هیوام وایە ببمە یاریزانێکی لێهاتوو".
 
وەلات چاغرۆ کە درێسی ژمارە 47 دەپۆشێت لەگەڵ یانە نوێیەکەی باسی لەوەش کرد، "هۆکاری پۆشینی درێسی ژمارە 47 بۆ رووداوی مێردین دەگەڕێتەوە و بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو رووداوەم بیربێت". لەبارەی ناوەکەشی دەڵێت، "هەموو کەس دەزانێت وەلات ناوێکی کوردییە و دڵخۆشم بەم ناوە بەناوبانگ بم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە