ئەنچێلۆتی کێشەیەکی ریال مەدرید یەکلادەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یاریزانانی ریال مەدرید یانەی ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ ڤینیسیۆس جونیۆر جود بێلینگهام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، جێبەجێکاری لێدانەکانی سزای ریال مەدریدی بۆ وەرزی داهاتوو لە نێوان کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆردا یەکلاییکردەوە.
 
لەگەڵ هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید و هەبوونی کۆمەڵێک ئەستێرەی ناسراو لەسەر ئاستی جیهان، سەرئێشە بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی و دەستەی راهێنەران دروست دەبێت.
 
بە بوونی ئەو ئەستێرە فەرەنسییە، راستەوخۆ ئەوە دێتە بیری هاندەران کە لە وەرزی داهاتوودا کێ ئەستێرەی یەکەمی مێرێنگێ دەبێت؟ کێ سەرکردە دەبێت؟ ئەی کێ لێدانی سزا و لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ دەکات؟
 
بێگومان هاتنی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا و بوونی بە بەشێک لەو کۆمەڵە ئەستێرەیەی فلۆرینتینۆ پێرێز ئامادەی کردوون بۆ وەرزی داهاتوو، مشتومڕ لەسەر ئەو بابەتانە دروست دەکات.
 
بەڵام میدیاکان بەشێکی ئەو پرسیارانەیان وەڵام داوەتەوە، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە راهێنانەکاندا بینراوە کە ڤینیسیۆس راهێنان لەسەر لێدانی سزا دەکات و پێدەچێت هەر ئەو یاریزانە بەرازیلییە ئەرکی جێبەجێکردنی لە ئەستۆبگرێت.
 
بەپێی میدیاکانی نزیک لە یانە مەدریدییەکە، بەبڕیاری کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر، ڤینیسیۆس جێبەجێکاری لێدانە سزاکان دەبێت و پێشبینی دەکەن کە ئێمباپێ ئەرکی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆکان لە ئەستۆبگرێت.
 
لەدوای ماڵئاواییکردنی ناچۆ فێرناندیز و جێهێشتنی یانەکە، پێشبینی دەکرێت لوکا مۆدریچ، کاپتنی یەکەمی ریال مەدرید بێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا کە تیایدا رووبەڕووی یانەی ئاتلانتای ئیتاڵی دەبێتەوە و یەکەم یاریی فەرمی خۆی دوای پشووی هاوینە ئەنجام دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە