رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەگەڵ یانەی فێنارباخچەی تورکی گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی ئەو یانەیە بباتە ریزەکانی.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی ریال مەدرید لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆیەکی بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی یانە تورکییەکە کردووە و رێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی ئاردا گولەر، بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و چەند گۆڕانکارییەکیش لە گرێبەستەکەدا جێگەی کراوەتەوە.
لە بەرامبەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە ریال مەدرید لە داهاتوودا هەرکاتێک یاریزانەکە بفرۆشێت 20٪ـی پارەی فرۆشتنەکەی دەداتە یانەی فێنارباخچە.
ریال مەدرید دەیەوێت لەم هاوینەدا یاریزانەکە بگوازێتەوە، نەک ساڵی داهاتوو، ئێستا کاردەکات بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و گەشتی یاریزانەکە دیاریی بکات، بەپێی هەموو ئاماژەکانیش گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی شاهانە گرێبەستێکی درێژخایەن دەبێت و ئەگەری هەیە بۆ ماوەی شەش ساڵ بێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ دەڵێت "هەموو شتەکان کۆتاییهاتوون، تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکە ماوە."
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "ئاردا گولەر کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ دەگاتە مەدرید، بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید تەواوبکات."
نزیکبوونەوەی ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئاردا گولەری 18 ساڵ لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا یانەکە رکابەرییەکی زۆری یانەی بارسێلۆنای کرد بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، جگە لەوەش هەریەکە لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان، چێڵسی و ئەیسی میلانیش داوای یاریزانەکەیان دەکرد.
رۆژی چوارشەممە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یانەیەک بهێنێت، عەلی کۆچ، سەرۆکی یانەی فێنارباخچەی تورکی رایگەیاند، ئاردا گولەر لەم هاوینەدا لە یانەکەیان دەڕوات.
ئاردا گولەر، تەمەنی 18 ساڵە، لە ئالتینداغ لە دایکبووە، سەرەتای یارییکردنی لە یانەی گەنجلەربیرلیگی تورکی بووە، پاشان چووەتە یانەی فێنارباخچە و گرێبەستی ئێستای یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی تاوەکو هاوینی 2025ـە، بەڵام گولەر لەگەڵ یانەکە بەردەوام نابێت و کاروانەکەی دەباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ