پەیامی ریال مەدرید و بنزیما بۆ ماڵئاواییکردنیان لە یەکدی

06-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی یانەکەی بەجێهێشت و سەرۆکی یانەکەش دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر زەحمەتە."
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە بنزیما کرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر زەحمەتە بۆ من، کاتێک هەستەکان و سۆزی 14 ساڵی رابردووم دێنەوە بەرچاو، لەو کاتەوەی رۆیشتنی کەریم راگەیێنراوە، هەستم بە گەورەیی خەمباریی مەدریدێستەکان و هاندەرانی تۆپی پێ کردووە، کە لە تواناکانی ئەستێرەیەکی وەک کەریم لەدەستدەدەن."
 
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید روویکردە کەریم بنزیما و پێیگوت "تۆ نموونەی و نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانە دەکەیت کە لەم یانەیەدا باسیان دەکرێت، تۆ چامپیۆنزلیگی چواردەیەمت پێداین، تۆ سەرکردە بوویت، وەرزی رابردوو هەگریز لەبیر ناکرێت، تۆ ئێستا خاوەنی باڵۆن دۆریت، ئەمڕۆ یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە مێژووی ئێمەدا دەڕوات."
 
پێرێز درێژەی دایە قسەکانی و گوتی "ئەمڕۆ کاروانی تۆ لە ریال مەدرید کۆتاییدێت، دەمەوێت پێتبڵێم ماڵئاوا ئەفسانە، نەک یاریزانێکی ئاسایی، تۆ سەرکردەی، خۆشەویستی بنزیما و ریال مەدرید بۆ هەمیشەیە و ئێرە ماڵی تۆیە، زۆر سوپاس کەریم."
 
دوای قسەکانی سەرۆکی ریال مەدرید کەریم بنزیما چووە سەر ستەیج و بە ئامادەبووانی گوت "سڵاو لە هەموو لایەک، زۆر زەحمەتە بتوانم قسەبکەم، دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم."
 
دوای ئەوە کەریم بنزیما بە سەرۆکی یانەکەی گوت "سوپاس پێرێز کە منت هێنایە ئێرە، هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، ریال مەدرید باشترینە، بەڵام ئێستا کاتی رۆیشتنە."
 
بنزیما دەڵێت "زۆر دڵتەنگم بۆ بەجێهێشتنی ریال مەدرید، هەمیشە دەمگوت لێرە واز لە یارییکردن دەهێنم، بەڵام هەمیشە شتەکان روونادەن، بەردەوام سەیری هەموو یارییەکانی یانەکە دەکەم، هەمیشە سەیری یارییەکانی ریال مەدرید دەکەم و پاڵپشتی تیپەکە دەکەم، من ئێستا بەهۆی ریال مەدریدەوە لێرەم و زۆر سوپاستان دەکەم."
 
کەریم بنزیما لە دوایین پەیامی خۆیدا باس لە کارلۆ ئەنچێلۆتی دەکات و دەڵێت "سوپاس بۆ ئەو راهێنەرەی هەمیشە متمانەی پێبەخشیووم، هەرگیز ئەمەم لەبیرناچێتەوە، لەگەڵ ئەنچێلۆتی زۆر شت فێربووم."
 
دوای تەواوکردنی قسەکانی، کەریم بنزیما، فلۆرێنتینۆ پێرێز و چەندین یاریزانی یانەی شاهانە دوایین وێنەی بیرهاتنیان بەیەکەوە گرت و ماڵئاواییان لە هێرشبەرە فەرەنسییەکە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە