ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ دێربیی باکوورە و مۆرینیۆکەی ئامەد قسە بۆ رووداو دەکات

06-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێربیی باکووری کوردستان
دێربیی باکووری کوردستان
نیشانەکردن دێربیی باکووری کوردستان وان سپۆر دیاربەکر سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیا، دێربیی باکووری کوردستان دەکرێت و هەردوو یانەی دیاربەکر سپۆر و وان سپۆری باکووری کوردستان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 14:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولەکەدا دەکرێت و لە کۆمەڵەی سپییە، کە کۆمەڵەی یەکەمی خولەکەیە.
 
یارییە لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، یانەی دیاربەکر سپۆر لەم وەرزەی خولەکەدا، لە دوای ئەنجامدانی 26 یاری 40 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە، هەرچی یانەی وان سپۆرە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی و 56 خاڵ و چاوی لەوەیە وەرزی داهاتوو بگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
بەر لە یارییەکە فەیات کیاک، سەرۆکی یانەی وان سپۆر قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "ئێمە لە ئامەدین و لە ماڵی خۆمانین، زۆر دڵخۆشین لێرە، ئامەد بۆ ئێمە وانە و وانیش ماڵی ئامەدە، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین کە گرنگی بە یانەکەمان دەدات، یارییەکەمان بەرامبەر دیاربەکر یارییەکی بەهێز دەبێت، هیوادارم ئەو یانەیە سەربکەوێت کە باشتر یاریی دەکات، دەمەوێت دەست لەنێو دەستی یەکدی کاربکەین بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەستبهێنین و یارییەکە بۆ ئێمە دێربییە، وان بیباتەوە دڵخۆش دەبم و دیاربەکریش بیباتەوە دڵخۆش دەبم، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ببەینەوە پاڵەوان."
 
سەرۆکی یانەی دیاربەکر سپۆر دەڵێت "بەشێکی دڵم لەگەڵ وان سپۆرە و بەشەکەی دیکە لەگەڵ دیاربەکر سپۆرە."
 
هاندەرێکی بەنێوبانگی تۆپی پێ لە ئامەد هەیە، بە جۆزێ مۆرینیۆی ئامەد بەنێوبانگە، ئەو لە مەشقەکانی یانەی وان سپۆر ئامادەبووە و بە جل و بەرگێکی رەنگەکانی درێسی دیاربەکر سپۆر بەخێرهاتنی یانەی وان سپۆر دەکات.
 
مۆرینیۆکەی ئامەد قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت "وان شارێکی ئێمەیە، زۆر بەخێربێن، دڵم لەگەڵ دیاربەکرە، بەڵام وانیش هی ئێمەیە."
 
ئەو هاندەرە بەنێوبانگەی ئامەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دەمەوێت لەبارەی ئامەدسپۆریشەوە قسە بکەم، هیوادارم ئامەد سپۆریش سەربکەوێت، دیاربەکر سپۆریش بۆ ئێمە زۆر خۆشەویستە و پشتبەخوا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە